د. سەباح هەورامی کاتی سەرهەڵدانی شەپۆلە نوێکەی کۆرۆنای لە کوردستان ئاشکرا کرد


 بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، سەباح هەورامی، ڕایگەیاند" بەپێی توێژینەوەکان، سەرەتای مانگی ئازار کاتی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکانەو پێشبینی دەکرێت لەو کاتەدا دۆخەکە خراپتر دەبێت و شەپۆلێکی تر ڕوو لە ناوچەکە بکات."  


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لە سلێمانی کە ئەمڕۆ شەممەی سازیکرد، د. سەباح هەورامی رایگەیاند"بە دڵنیاییەوە شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا ڕوو لە ناوچەکە دەکات، بەڵام ئێمە گەشبینین کە شەپۆلەکە زۆر قورس نابێت، چونکە ئێمە ئەزمونمان وەرگرتووە و بەشێکی زۆری خەڵکیش پێشتر توشی بووە و بەرگریی لە دژی ڤایرۆسەکە دروست کردووە."  



بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەبارەی خوێندن و دەوامی قوتابخانەکان، وتی "تاوەکو ئێستا ئاماری مەترسیدار لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراوە، بۆیە پێویست ناکات دەوام ڕابگیرێت، بەڵام دەبێت پابەندی ڕێکارەکان ببن، ئەو حاڵەتانەی لە قوتابخانەکان دەستنیشان کراون زۆر کەمن."  



ئەو لە بارەی گەیشتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆناوە، مژدە دەدات و دەڵێت " لە ماوەیەکی نزیکدا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەوەش تاوەکو کۆتایی ساڵ کۆتایی دێت بە بابەتی کۆرۆنا و بە شێوەیەکی باش بنەبڕ دەکرێت."  


لەبارەی هاتنی گەشتیاری ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە، سەباح هەورامی وتی، "ئێمە پلان و کاری خۆمان زۆر بە باشی بەڕێوەدەبەین بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، بەڵام پێویستە ڕێگری لە هاتنی گەشتیارەکان بکرێت چونکە بەشێک لە حاڵەتە نوێیەکانی کۆرۆنا لەناو گەشتیاراندا تۆمار دەکرێت."   
 


PM:01:06:20/02/2021