هەولێر.. لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل شەڕە تەقە لەنێوان دوو دراوسێدا دروستبوو

پۆلیسی هەولێر، لە شەڕی نێوان دوو دراوسێدا كەسێكیان بە تۆمەتی تەقەكردن و زامداركردنی كەسێكی دیكە دەستگیركرد. 

 

رائید هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، پاش ئەوەی بەبوونی شەڕە تەقەیەك لە نێوان دوو دراوسێ لە گەڕەكی (كوران) ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی روداوەكە. 

لەبارەی هۆكاری شەڕەتەقەكەش وتی" دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس دەركەوت كەكێشەكە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل بووە كەسێك بەناوی (ع.م.ح) پیشە كاسب، بەكلاشنكۆف تەقەی كردوەو كەسێكی بەناوی (س.ڕ.ع) بریندار كردوە". 

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەشداوە، كە تەقەكەرەكە لەلایەن پۆلیسی فریاكەوتنەوە دەستگیركراوەو رادەستی بنكەی پۆلیسی كوردستان كراوە بۆ لێكۆڵینەوە.



PM:03:11:24/02/2021