بەپەلە..سپی نهێنی کۆبوونەوەکانی سەردانی وەفدی کورد بۆ تاران بڵاودەکاتەوە

‌تۆتۆ: ئاژانسی میهر
وەفدێکی حکومی و حیزبی پارتی و یەکێتی دوێنێ بەسەردانێک چوونە تاران و لە گەڵ عەلی شامخانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و چەند بەرپرسێکی تردا کۆبوونەوە، بەپێی زانیاریەکان، ئێران داوای لە هەرێم کردووە لەگەڵ مالکی رێکبکەون و کۆمەکی سەربازی بکەن.
بەپێی ئەو زنیاریانەی دەست سپی کەوتووە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە، پاش بیروڕا گۆڕینەوە هەردوولا لەسەر هێرشەکانی داعش بۆسەر موسڵ و کاریگەرییە سیاسی و سەربازییەکانی، وەفدی ئێرانی داوایان لەهەرێم کردووە لەگەڵ مالکی رێکبکەون و پێشمەرگە بەشداری بکات لەشەڕدا دژی چەکدارەکانی داعش.
بەپێی ئەو زانیاریانە، لەو کۆبوونەوانەدا فشاری زۆر خراوەتە سەر وەفدی کوردی کە بەراستەوخۆ بەشداری شەڕ بکەن.
دەربارەی هەڵوێستی وەفدەکەی کورد بەرامبەر ئەم داوایەی ئێران، سەرچاوەکە بە سپی راگەیاند کە وەفدی کوردی بەئێرانییەکانیان وتووە کە " ئێمە بڕاوامان بە مالکی نییەو بەدرێژایی چەند ساڵە پابەند نەبووە بە داواکارییەنی کوردەوە، لەوانە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستوری عێراق و حەق و حقوقی پێشمەرگەو مەسەلەی نەوت و بڕینی مووچەی خەڵكی کوردستان". 
بەپێی زانیارییەکانی سپی وەفدی ئێران ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەوان لەگەڵ مالکی قسە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد.
ئەو سەرچاوەیە وتی جارێک هەرێم چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکات لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لە مالکی.
دوێنێ وەفدێكی حکومی و حیزبی بەسەرۆکایەتی نێجیرڤان بارزانی سەردانی تارانیان کردووە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. 



AM:10:54:17/06/2014