عوسمانی حاجی مەحمود لە مەراسیمی یادی (قادری حاجی عەلی) پەیامێک ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکات

عوسمانی حاجی مەحمود رایدەگەیەنێت" بەپێویستی دەزانن جارێکی تر ئاوڕ لە رابردو بدرێتەوە، بۆ ئەوەی ئایندە دیار و رونتربێت". 

 

عوسمانی حاجی مەحمود، دامەزرێنەر و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەراسیمی یادی قادری حاجی عەلی پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند" ئێمە لەکاتێکدا وەکو هاوڕێیان و دۆستانی قادری حاجی عەلی یادی کۆچی ناوادەی ئەو سەرکردەیە دەکەینەوە، هاوکات بەهۆی خراپی و شکستی ئەقڵیەتی دونیابینی و شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە ئەم جۆرە ئەقڵیەت و ئیدارەدانە بوەتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبونی قەیرانەکان لەساڵانی رابردو و ئێستاشماندا، هاونیشتیمانیان و وڵاتەکەمانی خستوەتە بەردەم دۆخێکی ئاڵۆز و نادیار".

 

وتیشی" ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو ئەقڵیەتەی حکومڕانی بووەتە هۆی سێکوچکەی گەندەڵی، نادادی و نایاسایی و هاوڵاتیانی دوچاری چەندین نەهامەتی و کێشەی هەمەجۆر کردوەتەوە، بەهۆی ئەو دۆخە ناڕەزایی و بێزاری بەشێکی فراوانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی کردوەتەوە، جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە وتارێکی قادری حاجی عەلی بکەین کە دەڵێت، چاری بکەن تاوەکو هەناسەیەکی تیاماوە".

 

ڕاشیگەیاند" ئێمە ئەمڕۆ لێرەوە لەسۆنگەی پەرۆشیمان بۆ نیشتمان‌و هاوڵاتیان بەپێویستی دەزانین‌و جەختدەكەینەوە، پێویستە ئاوڕ لەڕابردوو بدرێتەوە بۆ ئەوەی ئایندە دیارو ڕونتربێت‌و پێویستە دەسەڵاتدارانی كوردستان دوربكەونەوە لەئەقڵییەتی غرورو بێباكی گوێنەگرتن‌و سەپاندنی ئیرادەو گوشاردروستكردن بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان".

جەختیشکردەوە، ئێستا تا هەناسەیەكی تیاماوەو تا درەنگتر نەبوە چاكی بكەن، چونكە ئەم عەقڵییەتی حكومڕانییە پێویستی بەگۆڕانكاری ریشەیی هەیە و پێویستە دەسەڵاتداران بەئیرادەوە بەرەو ڕوی ئەم دۆخەوە ببنەوە، لەسەر بنەمای بەهاو پره‌نسیپە ئەخلاقی‌و نیشتیمانییەكان بناغەی سیستمێكی هاوچەرخ دابنێن بۆ حكومڕانی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەوان هەمیشە لەبەرەی گەل دەبن و بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لەمافەکانی خەڵکی کوردستان".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوانیوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی قادی حاجی عەلی لەلایەن کەسوکار و هاوڕێیانیەوە یادێک بۆ قادری حاجی عەلی لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی سازکرا. 



PM:05:01:01/03/2021