" گۆڕان لەسەر کەیسی غالب محەمەد بێدەنگە "

 ئەندامی پێشوی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لەبارەی هەڵوێستی گۆڕان لەسەر هێڕشکردنە سەر غالب محەمەد دەڵێت " پارتی و یەکێتی شەڕیانە لەسەر ئەوەی لەپەرلەمانتارێکی گۆڕان دراوە، بەڵام گۆڕان بێدەنگە".


ئیسماعیل نامیق، ئەندامی پێشوی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، "جاران پارتی و یەکێتی ھاوپەیمانی یەکتربون بۆ لێدان لەگۆڕان و پەرلەمانتارەکانی، بەڵام گۆڕان خاوەنی دەنگێکی زوڵاڵ و بەرز بو، کەچی ئێستا پارتی و یەکێتی شەڕیانە لەسەر ئەوەی لەپەرلەمانتارێکی گۆڕان دراوە، بەڵام گۆڕان بێدەنگە، خۆ گۆڕان ئەوەندە کادری لەناو حکومەت و دەزگاکانی دەوڵەتدا ھەیە کە بتوانێت بەرچاو رونی بداتە خەڵک، لەسەر حەقیقەتی رووداوەکە و شوێنی تاوانبار".


دەشڵێت "ھەرەوەھا ئەو سێ کەسەی باس دەکرێن ئایا ھیچ پەیوەندییەکیان بەتاوانەکەوە ھەیە یان نا؟ ئایا ئازادکراون؟ بەکورتی گۆڕان ئەگەر ناتوانێت فشار بکات، خۆ دەتوانێت راستیەکانی پەیوەست بەروداوەکە و رەوتی لێکۆڵینەوەکان بۆ خەڵکی بخاتە رو، ئەوەندەی کە یاسا رێگە ئەدات، ئەوەش لاوازترین ھەڵوێستە".

 
شەش رۆژە هێرشکراوەتە سەر پەرلەمانتاری عێراق، غالب محەمەد لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی، بەڵام تا ئێستا هێج راگەیاندنێکی فەرمی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە، لە پشت پەردەوە یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم رووداوە ناکۆکییەکانیان قوڵتر دەبێتەوەو، گۆڕانیش بێدەنگە.




AM:10:06:04/03/2021