بەرپرسێکی باڵای ئێران: سەردانەکەی پاپا بەهۆی کۆششی قاسمی سلێمانییەوە بووە



جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیاند" سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، بەهۆی هەوڵ ‌و كۆششی پێشتری قاسم سولەیمانی ‌و ئەبومەهدی موهەندیسەوە بووە".


لەبارەی سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق، ئەمیر عەبدوڵاهیان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە پۆستێکدا، نووسیویەتی " سەردانەكەی پاپا، بەهۆی شەونخونیی ‌و قوربانیدانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس ‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبییەوە بووە".


ئەو بەرپرسەی ئێران ئەمریكا بە دەستوەردانی لە سەروەریی عێراق تۆمەتبار دەکات، دەشڵێت " بوونی ئەمریكا لە ناوچەكە، هۆكاری پشێویی ‌و نائارامییە” ‌و  “ئەگەر هەوڵی ئەو شەهیدانە نەبوایە لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر ‌و داعش، پاپا وا بە ئارامیی نەیدەتوانی سەردانی عێراق بكات”.


دوای گەیشتنی ئەمڕۆی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، بڕیارە سبەی لەگەڵ گەورە مەرجەعی شیعەکان، عەلی سیستانی لە نەجەف کۆببێتەوە.
 


AM:12:24:06/03/2021