پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لە نەورۆزدا روونکردنەوە دەدات

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ لە نەورۆزدا روونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" بەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی كەرەنیتە ڕاناگەیەندرێت".

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" ئاگر لەپارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە بەڵام ئاهەنگ گێڕان و قەڕەباڵغی دروستکردن و بەریەککەوتن و کۆبوونەوە نابێت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هەموو ئەو چالاکیانەی دەکرێن لەژێر ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکاندا بەڕێوەدەچن، ئاگر لەمامەیارەش دەکرێتەوە، بڕیارە لەبناری گۆیژەش بکرێتەوە، کۆمەڵێک چالاکی گشتی وەکو ئەسپ سواری و کاری دەست و پێشکەشکردنی بەرهەمی خۆماڵی، هەروەها کێبڕکێ و پەڕەشوتی و پاڵەوانبازی وە کۆمەڵێک یاری کەلتوری و فۆلکلۆری و شارستانی ڕەسەنی کوردی نمایش دەکرێن، لەئێستاشەوە پیرۆزبایی لەهەموو خەڵکی کوردستان و جیهان دەکەین چونکە ئەمە پەیوەستە بەژیانەوەی سروشت و گەردوون و هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی لەسروشت و لەژینگە و لەگەردوونیشدا ڕوودەدات لەمرۆڤایەتیشدا ڕوو دەدات بۆیە ئەمساڵ یادی نەورۆز و جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی و بۆنەکانی تریش بەخۆشی و ناخۆشیەکانیانەوە، بەسەرکەوتن و کەوتنەکانیانەوە لەژێر ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بەڕێوەدەچن". 

سەبارەت بەئاهەنگی هاوڵاتیان لەشەقامە گشتیەکان بەتایبەت شەقامی سالم؟ پارێزگاری سلێمانی وتی" ئەمانەش ڕێکدەخرێن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا وە لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەی ئارامی پاریزگای سلێمانی لەدیوانی پاریزگای سلێمانی کۆدەبنەوە بۆدانانی ڕێکاری پێویست بۆ ڕێکخستنی هەموو ئەو چالاکیانەی کە بەڕێوەدەچن، ئەو شەقامانە بەشێوەیەکی سروشتی لەبەرئەوەی لەژینگەیەکی کراوەدایە بەو مەرجەی کەهاوڵاتیان دووربن لەیەک و بەریەککەوتن نەبێت، لەهەمووی گرنگتر ماسک ببەستن یارمەتیدەر دەبێت بۆئەوەی کە بتوانیین هیچ نەبێت ئەو پەیوەندیەی کە کۆرۆنا وایکرد لەیەک داببڕێن، بۆنەیەکی وەکو نەورۆز وای لێبکات کەپەیوەندیەکان بەهێز بکەینەوە بەو مەرجەی زیان نەگەیەنێت بەتەندروستی گشتی". 

سەبارەت بەهاتنی گەشتیاران لەڕۆژانی نەورۆز پارێزگاری سلێمانی ڕونیکردەوە، پەیوەست بەگەشتیاران یان هەرکەسێک بیەوێت بێت بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە پێش 72 کاتژمێر پشکنینی کۆرۆنای پێ بێت، وە ئەگەر گروپی گەشتیاری بن دەبێت پێشوەخت هەماهەنگیان هەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی، وە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بۆئەوەی بتوانن هەماهەنگیان بن، کارەکانیان بۆ ئاسان بکەن.هاتوچۆ لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکو ئێستا ئاسایی دەبێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا بەنیازی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆن لەنەورۆزدا؟ وتی" پەیوەست بە پارێزگای سلێمانی،وە سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لەهەموو خەڵکی خۆشەویست دەکەین، وە دڵنیایان دەکەینەوە بەمشێوازەی کە ئێستا هەیە پابەندبن نە کەرەتینە ڕادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت". 


PM:02:40:17/03/2021