بەشدارینەکردنی پارتی‌و هیوا و پێکهاتەکان نەیانهێشت دادگایەکی فیدراڵی دینی لە عێراق بچەسپێت

بەهۆی بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنی هیواو پێکهاتەکان و ژمارەیەک لە سونەکان رێگربوون لەوەی دادگایەکی فیدراڵی ئاینی لە عێراق بچەسپێت، بە پێچەوانەوە زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی کە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.
 
ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨ ی ئازار لە پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئامادەنەبوونی ٢٢٠ پەرلەمانتارەوە له‌ دانیشتنی پەرلەمان پرۆژەی شیعە کە دەیویست  چوار شاره‌زای مه‌زهه‌بی و ئاینی بببن بە‌ به‌شێك له‌ دادگاكه، شکستی خوارد و بەشێک لە شکستپێهێنانی ئەو پرۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەشدارینەکردنی هەر سێ فراکسیۆنی هیواو پارتی و پێکهاتەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی سونە، بەم پێیەش پەرلەمانی گەڕایەوە بۆ یاسای ٣٠ ی ساڵی ٢٠٠٥ کە تا ئێستا کاری پێدەکرێت و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کابینەکەی د. ئایاد عەلاوی سەرۆک وەزیران، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە دراو ژمارەی ئەندامانی دادگاکە ‌٩ ئەندام دەمێنێتەوەو  دوانیان نوێنەرایەتی هەرێم دەکەن و دانەیەک پێکهاتەکان و ئەندامانی دی لە شیعە و سونە پێکدێن و دەبێت تەمەنیان لەسەر ٧٢ ساڵەوە نەبێت.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئەوروپا و ئەمەریکا لە رێگای نوێنەرەکانیانەوە لەگەڵ ئەو پرۆژە یاسایەی شیعەکاندا نەبوون و بە کورد و پێکهاتەکان و سونەکانیشیان راگەیاندووە.

بەشداریکردنی زۆرینەی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا و بەشدارینەکردنی هەردوو پێکهاتەی پارتی و فراکسیۆنی هیوا، جارێکی تر ریزی کوردی لە بەغدا دابەشکرد، دابەشکردنەکەش بە ناڕاستەوخۆ وا شکایەوە هەرچی یەکێتییە لە میحوەری شیعەکانی عێراق و ئێرانە و، هیواو پارتیش لە میحوەری ئەمەریکاو رۆژئاوابوون. 



PM:09:50:18/03/2021