کرماشان.. هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراو کەسێکی دیکەش بریندار بوو

هاووڵاتییەکی کورد لە ئاکامی تێکهەڵچوونی نێوان هێزە چەکدارەکانی ئێران و خەڵکی گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان بە تەقەی ئەو هێزانە کوژرا و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە گەڕەکی دەرەدێژی کرماشان تەقەیان لە هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو گەڕەکە کردووە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا لاوێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.

پەیامنێری هەنگاو لە کرماشان ڕایگەیاند" سیروان محەمەدی تەمەن ٢٥ ساڵ و عەلی ئەحمەدی تەمەن ٧٠ ساڵ لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان بریندار بوون کە سیروان دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ بنکە تەندروستییەکان بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەست داوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە پێڕەوانی ئایینی یاری (ئەهلی حەق) بوون". 

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە" کە ئەم تێکهەڵجوونە لە ئاکامی کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی گەڕەکی دەرەدرێژ و دەستێوەردانی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە". 


PM:01:39:19/03/2021