ئەمڕۆ تەرمی دکتۆر کەمال مەزهەر دەگاتەوە هەرێمی کوردستان

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" ئەمشەو تەرمی كەسایەتیی ئاكادیمیی و نیشتمانیی كوردستان، كۆچكردو پرۆفیسۆر دكتۆر كەمال مەزهەر دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو سبەی بەرەو سلێمانی بەڕێدەکرێت". 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە" وابڕیارە ئەمشەو تەرمی کەسایەتیی ئاکادیمیی و نیشتمانیی کوردستان، کۆچکردوی خۆشەویستمان بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر کەمال مەزهەر؛ بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو پێشوازیی بکرێت، لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا لە مەراسیمێکی تایبەتدا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشدارانی مەراسیمەکەوە پێشوازیی ڕەسمیی دەکرێت و بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەکرێت".

هەروەها وتیشی" لە دەروازەی شاری سلێمانی پێشوازیی دەكرێت و بە مەراسیمێكی شایستە بۆ دوا ئارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەكرێت، بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە پێویستە هەمووان پابەندی ڕێكارە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان بن، سبەی هەموو لایەك لە كات و شوێنی پێشوازیكردنی بەڕێزیان لە دەروازەی شاری سلێمانی ئاگاداردەكەینەوەو هەر كەس و كەناڵ و لایەن و دامەزراوەیەك خوازیاری بەشداریكردنە دەتوانێت خانەخوێیانە ئامادەبێت".

رۆژی ١٦ی ئەم مانگە دکتۆر کەمال مەزهەر، نوسەر و مێژونوسى کورد لە تەمەنى ٨٤ ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشی کۆچى دوایى کرد.

کەمال مەزھەر ئەحمەد لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینی لە گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکووک لەدایکبوو. لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرت و چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.

کەمال مەزھەر ئەحمەد لە سۆڤیەتدا لە ساڵی ١٩٦٩ی زایینی لە ئەنستیتۆتی ڕۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت. لە ساڵی ١٩٨١ بە پایەی مامۆستایی لە مێژوو گەیشت. کەمال مەزھەر ئەحمەد دیسانەوە چوو بۆ عێراق و لە ساڵانی ١٩٧١ ھەتا ١٩٧٥ی زایینی سکرتێر و ھاوکاری سەرۆک لە پرسەکانی زانستی لە فەرھەنگستانی کوردی بەغدا بوو.

کەمال مەزھەر ئەحمەد لە زانکۆی بەغدا لە ئەنستیتۆتی گەلانی ڕۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوو، ئەنستیتۆتی باڵای لێکۆلینەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەریە و ھەروەھا ئەنستیتۆتی لێکۆلینەکانی عەرەبی وانەی داوە، چەندین بەرهەمی وەکو کتێب لەسەر مێژووی کورد و جیهان  چاپکردوون. 


AM:11:06:23/03/2021