" هەموو شت لەبەردەم دادگا دەسەلمێنین و ناوى قاچاخچیەکانیش ئاشکرا دەکەین "

دوو ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنن" بەفەرمى لەلایەن دادگاوە ئاگادار کراونەتەوە بۆ دادگایکردنیان لەسەر ئەو تۆمەتانەى کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە". 

لە راگەیەنراوێکى هاوبەشى هەردو پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان، عەلى حەمە ساڵح و دابان محەمەد رایدەگەیەنن" بەفەرمی ئاگادارکردنەوەی دادگامان پێگەشت، بۆ دادگاییکردنمان بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقیك واژمان کرد و بەویستی خۆمان دەچینە بەردەم دادگا، ئەوەی وتومانە لەسەر قاچاخچێتی بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین".

ئاماژە بەوەشدەکەن، باشماخ لە ڕابردو و ئێستادا ناوەندێکی گەورەی قاغاخچێتییە و لە بازاڕی جگەرە نوسینگەیان داناوەو 96%ی‏ جگەرەی کوردستان بە قاچاغ دێت و لە گەڕەکی عەقاری نوسینگەیان داناوە و ھەزاران ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلیان داخڵکردوە، بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک 6500 (شەش ھەزار و پێنجسەد) دۆلاریان وەرگرتوە. 

ئەو دوو پەرلەمانتارە دەشڵێن" بارھەڵگرێک ھێلکە بە 12000 (دوانزە ھەزار) دۆلارو ھێلکەی تروکاندن بۆ جوچکە 16000 (شانزە ھەزار، دۆلار، بارێک دوگ بە 25000 (بیست و پێنج ھەزار) دۆلار و بارھەڵگرێک مس و فافۆن بە 7000000 (حەوت ملیۆن) دەبەن".

هەروەها باس لەوەشدەکەن، دادگاو داواکاری گشتی و دەسەڵات، تەماشاکەرن و زەلیلانە لەو قاچاخچیانە دەڕوانن، لەبری ئەوانەی سەدان ملیۆن دۆلاریان بە قاچاخی برد و  ئەوانەی ڕێگا خۆشکەر و  بکەری قاچاخچێتین، ئێمە دەدەنە دادگا، لە کاتێکدا ھەر ئەوانن بە ھەزاران دۆنم زەویان لەم شارە داگیرکرد و سلێمانیان کرد بە شاری جەمەلۆن و مەغزەن.

پەرلەمانتاران عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد ئاشکراشیدەکەن، ھەمو شت لەبەردەم دادگا دەسەلمێنین، بە وردەکاری زۆر و ناوھێنانەوە، ھیوادارین دادگاش سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەمەش دو بژاردە ھەیە، یان دادگا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و قسەکانمان دەسەلمێنێت یان بە ساڵێک بۆ پێنج ساڵ حوکمی ئێمە دەدا، چونکە ھیچ سزای پێبژاردنێک نادەینە قاچاغچیەکان. 


PM:02:57:04/04/2021