وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەبارەی كۆتاییهێنان بە پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ روونكردنەوە دەدات

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە بە یەک وەرز کۆتایی بە ساڵی خوێندنی ئەمساڵ بێنن و بریکاری وەزارەتی پەروەردەش ئاشکرای کرد" وەرزی دووەمی خوێندن دەکەوێتە مانگی ئەیلوولی داهاتوو". 

د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند" بڕیارەکانی وەزارەت لەبارەی ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان هەمان بڕیاری لیژنەی بالای بەرەنگاربوونەی کۆرۆنایە و، ڕۆژی 10ی مانگ بڕیاری نوێ دەدرێت، چونکە ئێمە نازانین ڕەوشی کۆرۆنا بەرەو کوێ دەچێت، هەموو هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکەیە، بەڵام ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە بەرچاو دەگرین". 

بریکاری وەزارەتی پەروەردە وتیشی" وەرزی یەکەمی خوێندن لە کاتی خۆیدا تەواو دەکرێت و بۆ وەرزی دووەم پێشتر وەزارەت بڕیاری خۆی داوە و لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەست بە وەرزی دووەمی خوێندن دەکرێت". 

لەبارەی ئەو دەنگویانەی گوایە هاوشێوەی عێراق لە کۆتاییی وەرزی بەهار کۆتایی بەساڵی خوێندن دێت، د. سەیوان عەلی ڕوونیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک نامانەوێ عێراق بکەینە نموونە و ئەزموونی ئەوان دووبارە بکەینەوە، لەبەر ئەوە، هیچ بڕیارێکی وەها نەدراوە.


PM:08:02:05/04/2021