"بۆ یەکێتی قبووڵکردنی هەڤاڵ ئەبوبەکر هێڵی سوورە"

لەکاتێکدا گفتوگۆی حکومەتی خۆجێی لەسلێمانی گەرمەو ٢٤ی حوزەیران یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی تازە هەڵبژێردراوی هەرێم ئەنجام دەدرێت، هەندێک ناوەندی یەکێتی پێ لەسەر ئەوە دادەگرن " پێویستە گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەکر بگۆڕێت، ئەو دەمە ئێمە دەتوانین لەسەر پرسی پارێزگا لەگەڵ گۆڕان رێکبکەوین".
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند کە دانانی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لەلایەن گۆڕانەوە بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ یەکێتی "هێڵی سوورەو زۆر زەحمەتە لەگەڵ گۆڕان رێکبکەوین، ئەگەر ئەو کاندیدە نەگۆڕن بەکەسێکی تر".
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەستپێکردنی گۆڕان بە گفتوگۆکانی پێکهێانی حکومەتی خۆجێی لەسلێمانی و سەرەتا کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی ئیسلامی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕانیش سوورە لەسەر دانانی هەڤاڵ ئەبوبەکر بەپارێزگاری سلێمانی کە نزیکەی ٢٤٠ هەزار دەنگی هێناوە.
لەم نێوەدا هەردوو لایەنی گۆڕان و یەکێتی هەوڵ دەدەن هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی تردا بکەن بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا دەستیان کردووە بە جموجوڵ بۆ راکێشانی لایەنە ئیسلامیەکان و پارتی و کورسی مەسیحیەکان و کورسی ( سۆسیالیست، شیوعی، زەحمەتکێشان).
چاودێران بەدووری نازانن کە هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان بەجیا ئیمتیازاتێکی زۆر لە پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی بخەنە بەردەم لایەنەکانی تر تا حکومەتی خۆجێیان لەگەڵ دروستبکەن.  



AM:11:20:22/06/2014