مەسرور بارزانی: تێپەڕاندنی یاسای بودجە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەرێم

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ هەنگاویکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان".

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمێک پێش ئێستا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ باسی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراقمان کرد، مەسەلەی تێپەڕاندنی بودجە دەستكەوتێكە بۆ هەموو خەڵكی عێراق و لەوانەشەوە بۆ خەڵكی كوردستان. دەبوایە بودجە زۆر بە شێوەیەكی ئاسایی تێپەڕێت و وەكوو دەستكەوت سەیری نەكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە بە سیاسی كرا، ماوەیەكی درێژی ویست تاوەكوو شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ لایەنەكانی فیدڕاڵی لە حكوومەتی عێراق كارێكی زۆریان كرد تا بیسەلمینن كێشەكان تەكنیكی و مالی نین، بەڵكوو كێشە سیاسییەكانیش لە كۆتاییدا گەیشتە ئەنجام. تێپەڕاندنی ئەم یاسایە هاوسەنگە و هەموان تێیدا براوەن. دەستخۆشی لە شاندی دانوستانكاری هەرێم دەكەین كە بە ڕێكی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەجێ گەیاند".

وتیشی" لە كۆبوونەوەكەدا باسمان لەوە كرد كە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاساكە و ماف و ئیلتزامەكان چۆنە". 

سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاند" ئێمە چاوەڕوانین بەغدا ئیلتزامی خۆی بۆ سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ جێبەجێ بكات، داواش لە هەموو وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین". 

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئیلتزامی خۆمان بەرامبەر حكوومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ دەكەین و هەرچی ئەركی سەرشانمانە ئامادەین جێبەجێی بكەین، چاوەڕوانین حكوومەتی فیدڕاڵیش ئەركەكانی خۆی لە دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.


PM:01:09:07/04/2021