لەبارە دابەشکردنی زەویەوە:
وەزارەتی شارەوانی:دابەشکردنی زەوی بەرامی سیاسی یاسایی نییە


لە کاتێکدا دوێنێ میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە دەڤەری گەرمیان زەوی بەسەر قوربانیانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی دابەشدەکات، وەزارەتی شارەوانی دەڵێت" دابەشکردنی زەوی لە پێناوی مەرامی سیاسی دوورە لە بنەمای یاسایی".

لەو روونکردنەوەیەدا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت "چەند ڕۆژێکە هەواڵێک لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن، سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بڵاودەکرێتەوە، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوانەی خوارەوە بەپێویست دەزانین:
توێژەکانی کوردستان ئەوانەی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان مافی وەرگرتنی زەویان هەیە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان لەبەرچاو دەگرێت و لە کاتی هەبونی ژمارەی زەوی پێویست کە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێکردن ئامادە دەکرێت، بەسەر سەرجەم توێژەکان دابەش دەکرێت، نەوەک بە جیاوازی و لە چەند شوێنێکی دیاریکراو و بەکارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشکردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستکردنی ئەمری واقیعێک بە دوور لە بنەمای یاسایی".
هەروەها لەو روونکردنەوەیەدا کە بەبێ ناوهێنانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی شارەوانی دەڵێت"ڕەفتارکردن و دابەشکردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵکە موستەحەق و شیاوەکان بێت، بەپێی بڕیار و ڕێکار و بنچینە یاساییەکان بێت".

ئەو وەزارەتە باس لە دەسەڵاتەکانی خۆی دەکات و دەڵێت "  ڕەفتارکردن و دابەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زەوی و زاری حکومەت و موڵکی گشتی، لەناو سنووری شارەوانییەکان، بەبێ ڕەزامەندیی فەرمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، هەر لایەن و فەرمانگە و کەسێک بیکات، ئەوا یاساشکێنیە و لێکەوتەی یاسایی بەدوادادێت".

لە کۆتاییدا هاتووە " حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک کاری نایاسایی ڕەفتارکردن لەگەڵ دابەشکردنی زەوی بە شێوەی هەوایی و کارت ڕاگرتووە و کاری پێ ناکرێت، پێچەوانەی ئەوە هیچ بەهایەکی یاسایی نابێت. موڵکی گشتی و زەوی و زار، موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوومانە و ڕێگەنادرێت کە بە نایاسایی بەکار بهێندرێت."



PM:02:02:09/04/2021