پۆلیسی سلێمانی: ئه‌و تۆمه‌تباره‌ ده‌ستگیرکرا كه‌ مامی خۆی كوشت

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای دەکات، هێزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ – بنكەی پۆلیسی قەرەناو ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركرد كە شەوی رابردو لە سنوری قەزای چەمچەماڵ مامی خۆی كوشت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو لە سنوری قەزای چەمچەماڵ گەنجێك بەناوی (د، و، أ) لەدایكبوی ١٩٩٤ بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە مامی خۆی كوشت، دواتر تۆمەتبار بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، ڕاستەوخۆ دوای ڕوداوەكە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵی ڕاسپارد كە دەستبەجێ لێكۆڵینەوەكان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار ئەنجامبدەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەماوەی كەمتر لە ٢٤ كاتژمێر توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی قەرە ناوی سەر بەبەشی پۆلیسی چەمچەماڵ دەستگیر بكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئەو چەكەی كە تۆمەتبار لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەیدا بەكاریهێناوە.


PM:01:25:18/04/2021