باوک و دایکی رامین حسێن پەناهی مافی چونەدەرەوەیان لە وڵات لێقەدەغەکرا

لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی، دایک و باوکی بەتەمەنی ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کە لە سێدارە درا، مافی هاتنە دەرەوە لە وڵاتیان لێ قەدەغەکرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ یەکشەممە ٢٥ی نیسان میرزا حوسێن پەناهی و شەریفە زەڕینی باوک و دایکی بەساڵاچووی ڕامین حوسێن پەناهی، بۆ وەرگەرتنی پاسپۆرتەکانیان سەردانی فەرمانگەی پاسپۆرتی شاری سنەیان کردوە و پێیان ڕاگەیەندراوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ناتوانن بۆ سەفەر لە وڵاتی ئێران بچنە دەرەوە.

ئەمجەد حوسێن پەناهی بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" لە فەرمانگەی پاسپۆرت بە دایک و باوکمیان ڕاگەیاندووە کە سەڕەڕایی ئەوەی کە ناکرێ پاسپۆرتەکانتان بدەینەوە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی چوونەدەرەوە لە وڵاتتان نیە". 

ئەمجەد حوسێن پەناهی لە درێژەدا ڕایگەیاند" ئەم کارە بە بڕیاری دادگا نەکراوە و بە بڕیاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات ئەم مافە لە باوک و دایکم زەوت کراوە". 

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و لە ساڵی ٢٠١٨ لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕێوە چوبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی و ئەندامیەتی لە حیزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


AM:10:48:27/04/2021