لە هەرێمی کوردستان شەش حزبى نوێ بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە خۆیان تۆمارکردووە

بەرپرسى دەستەى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان کە سەر بە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقە ڕایدەگەیەنێت" لە هەرێم شەش حزبى نوێ بۆ بەشدارىکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خۆیان تۆمارکردووە".

حسێن رەقیب بەرپرسى دەستەى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان کە سەر بە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی یەکێتى رایگەیاند" پێنج حزبى نوێ لەهەولێر خۆیان بۆ هەڵبژاردن تۆمارکردووە، لەگەڵ حزبێک لە شاری دهۆک، هاوکات رێژەى ٦٨٪ى دەنگدەران بەگشتى لەهەرێم بایۆمەتریان نوێکردووەتەوە". 

بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ٢٦٥ حزب مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە و ٥١ حزبی دیکەش چاوەڕێن مۆڵەتیان پێبدرێت، هاوکات، ١٢٤ حزبیش بەنیازن بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بکەن، هاوکات ٣٨ هاوپەیمانی سیاسی خۆیان تۆمارکردووە و مۆڵەتیان پێدراوە و پەسەند کراون بۆ هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.


PM:05:11:30/04/2021