زانیاری نوێ لەسەر ناردنی پشکی هەرێم ئاشکراکرا

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە پشکی پارێزگاکانی دیکەی عیراق". 

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی ڕاگەیاند" پشكى هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق هيچ كێشەوگرفتى نييه، هەر كاتێک وەزارەتی دارایی فیدراڵ پشکی پارێزگانی دیکەی عیراقی نارد، ئەوکات پشکی هەرێمی کوردستانیش دەنێرێت". 

وتیشی" پێشتر پێویستە وەفدێکی هونەری و دارایی هەرێم بێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنی حکومەتی فیدراڵ کۆبێتەوە، بەمەبەستی دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی رێکەوتنی نێوان هەردوولا، کە لەبارەی بوجە ئەنجامدرابوو". 

ڕۆژی ١٩ی نیسانی ٢٠٢١ پشکی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١١ ترلیۆن و ٤٨٢ ملیار دینار دیارکرا، کە هەشت تریلیۆن و ١٦١ ملیار بۆ خەرجی دانراوە، لەگەڵ سێ تریلیۆن و ٢٧١ ملیار و ٣٨٤ ملیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان و ٥٠ ملیۆن دیناری دیکەش وەکو زیادە دەچێتە سەر ئەو بڕە.


AM:10:30:01/05/2021