مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی گرووپی چەکداری داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" داعش خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق".

مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" داعش خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە و هێشتاش هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق ، بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە سوود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت كە لەو سنورانەدا هەیە".

ئەوەشی خستەڕوو، جەخت لە گرنگیی جێبەجێكردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەكەینەوە و، هەروەها بەردەوامبوونی ڕاهێنان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە عێراق بۆ ڕووبەڕبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە پێویست دەزانین بۆ شكستپێهێنانی یەكجارەكی داعش.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١ی ئایار گروپە چەكدارەكانی داعش لەمیحوەری پردێ‌ هێرشیان كردە سەر سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕو پێكدادان ڕوویداوە، بەھۆی رووبەڕوبوونەوەکە سێ‌ پێشمەرگە شەهید بوون و دوانیش برینداربوون. 


AM:11:22:01/05/2021