ئاسۆس هەردی: ئەمڕۆ یه‌کێک له‌ ره‌شترین رۆژه‌کانی ئازادی راده‌ربڕینه‌ له‌ کوردستان

ئاسۆس هه‌ردی، نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس رایده‌گه‌یه‌نێت" ئەمڕۆ یه‌کێکه‌ له‌ره‌شترین رۆژه‌کانی ئازادی راده‌ربڕین له‌ کوردستان بەڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ قۆناغێکی راگوزه‌ره‌ و تاسەر وانابێت". 

ئاسۆس هەردی نوسەر و ڕۆشنبیر دەربارەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەوانی لەهەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند" بەداخەوە ئەوەی من تێیبگەم ئەم سەردەمە یەكێكە لە تاركیترین سەردەمەكان بۆ ئازادی بیروڕادەربڕین، لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە بەشێوەیەك لەشێوەكان ئازادییەك هەبوو هەموو كەسێك دەیتوانی قسەی خۆی بكات بەڵام ئامڕازەكانی بڵاوكردنەوە لەبەردەست نەبوون بەڵام لەدوای دووهەزارەكانەوە كاتێك كە شەڕی نێوان حیزبەكان تەواو بوو دەرفەتێك دروستبوو كاری ڕۆژنامەی سەربەخۆ دەستپێكرد بەڵام دواتر لەدوای 2003 وە كرانەوەیەك لە عێراق بەگشتی لەدوای ڕووخانی بەعسەوە و لەكوردستانیش هاتە ئاراوە، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان پەیدابوون، كەناڵە ئاسمانیەكان پەیدابوون، وێبسایت و ماڵپەرەكان پەیدابوون بەڵام بەپێی گەشەكردنی ئەم میدیا و دامەزراوە ڕۆژنامەوانیانە هەنگاو بەهەنگاو سەركورتكردن و هەڕەشەكردن و پێشێلكردنی مافەكانی ئازادی ڕادەربڕین لە كوردستاندا ڕۆژبەڕۆژ زیادیانكرد تاوەكو گەیشتینە ئەمڕۆ كە بەبۆچوونی من یەكێكە لە ڕەشترین ڕۆژەكانی ئازادی ڕادەربڕین لەكوردستاندا."

ئاسۆس هەردی وتیشی" بێگومان نەك بەرنامە بوو تەنها بۆ نەهێشتنی میدیای سەربەخۆ بەڵكو بەرنامەیە بۆ داگیركردنی هەموو فەزای ڕاگەیاندنی كوردستان، گرنگی میدیا لەسەر ڕای گشتی لەسەر كۆمەڵگە لەسەر ئاراستەكردنی كۆمەڵگە چەند گەورەیە، دیارە حیزبە دەسەڵاتدارەكانیش ڕەنگە لەئێمەش باشتر ئەمە بزانن بۆیە لەكاتێكدا كە مووچەی خەڵك دەبڕن و ناتوانن مووچەی خەڵك دابین بكەن بەسەدان ملیۆن دۆلار لەوەدا خەرجدەكەن چونكە دیانەوێت كۆنتڕۆڵی فەزاكە بكەن و لەمەیدانەكە كەس نەمێنێتەوە بێجگە لەخۆیان."

لەبەشێكی تری وتووێژەكەی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ئاسۆس هەردی دەربارەی دەستگیركردن و سزادانی ڕۆژنامەوانان و چالاكوانان لەهەرێمی كوردستان بەیاسای تیرۆر دەڵێت" ئەمە پەیامێكی ئاشكرایە كە ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی ئێمەدا نەجوڵێتەوە چارەنووسەكەی ئەمە دەبێت وەكو بینیمان دروستكردنی سیناریۆی ساختە بۆ ئەو كۆمەڵە ڕۆژنامەنووسە گەنجەی كە بەداخەوە هەتا ئەمڕۆش بەناحەق و بەنایاسایی لە زینداندانەكان توندكراون ئەمە چیرۆكێكی كۆنە دەسەڵاتداران هەموو كاتێك لەمجۆرە دەكەن كاتێك كە سزای ناحەقی ڕۆژنامەنووسێك یان چالاكوانێك دەدەن زیاتر لەوەی مەبەستیان بێت كەسەكە تەمێ بكەن مەبەستیانە پەیامێك بەخەڵك بگەیەنن كە هەركەسێك قسەبكات چارەنووسەكەی ئاوایە، لەو ڕووەوە كە ڕۆژنامەنووسەكان دیارن و لەمیدیاكاندا دەبینرێن ئەمە پەیامێكە بەخەڵك دەڵێت ئێمە لە خەڵكی دیار دەستی لێناپارێزین لەبەرئەوە خەڵكی ئاسایی دەبێت ئاگای لەخۆی بێت بەهیچ شێوەیەك هیچ قسەیەك نەكات ئەمانە شتێكی تازە نیین لەكوردستاندا بەڵام ئەم هەموو بارودۆخەی كە هەندێكیمان باسكرد، وە چڕبوونەوەی كۆنتڕۆڵی حیزبەكان بەسەر دامودەزگاكاندا بەتەواوەتی لەڕاستیشدا لەناو حیزبەكانیشدا بنەماڵەكان كارێكی كردووە كە واقعی ئەمجۆرە ڕووداوانە گەورەترە". 

ئەو ڕۆشنبیرە گەشبینی خۆی دەردەبڕێت كە دۆخەكە بەوجۆرە نامێنێتەوە لەو ڕووەوە ئاسۆس هەردی وتی" من بڕوام بەوە نییە ئەمجۆرە سەركوتكردنانە تاسەر بتوانێت بچێتەسەر، وە بڕواشم بەوە نییە ئەمجۆرە سەركورتكردنانە بتوانێت بەتەواوی كۆمەڵگەی ئێمە كۆنترۆڵ بكات، كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی زیندووە، ئەم كۆمەڵە دەگرن كۆمەڵێكی تر دروستدەبێتەوە، وە حاڵی حازر هەیە لەو چالاكی و ناڕەزایەتیانە دەبینیین بۆنموونە دژی دەستگیركردنی ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانە ڕۆژانە سازدەكرێن، لە یادەكانی تیرۆری ڕۆژنامەنووساندا دەیبینیین، لەساتەكانی تەقینەوەی ناڕەزایەتیەكاندا دەیانبینیین بۆیە ئەوە خەیاڵێكی خاوە ئەمە نەك هەر بۆ كوردستان بەڵكو بۆ هەموو دنیاش ڕاستە هەر سیاسیەك پێی وابێت لەڕێگەی زەبروزەنگ و توندوتیژییەوە دەتوانێت هەتاسەر كۆمەڵگاكەی خۆی كۆنترۆڵ بكات". 

ئاسۆس هەردی لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو دەربارەی دۆخی ئێستای ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە دەڵێت" ئەمەی ئێستا ڕوودەدات مەترسیەكەی لەوەدایە شەرم نەماوە لەگرتنی ئازادیخوازان و چالاكوانان بەڕۆژی ڕووناك و بەئاشكرا بەبەكارهێنانی دامودەزگای دادوەری بەشێوەیەكی نایاسایی پێمان دەڵێن ئێمەین كە ئاوادەكەین و ئێمەین سزای ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەدەین كە داكۆكی لەئازادی بیروڕادەربڕین دەكەن و ئەو چالاكوانانە سزادەدەین كە داوای مافی خەڵك و ماف و ئازادییەكانی خۆیان دەكەن مەترسی ئەمەش لەوەدایە جۆرێك لەچاوقایمی دەسەڵاتی سیاسی ئێمە پیشاندەدان ئەگەر جاران خۆدزینەوە هەبوو و دەیانوت ئەوەتا لێكۆڵینەوەی تیادا دەكەم ئێستا بەڕاشكاوی پێمان دەڵێن ئەوە ئێمەین و دەیكەین و كێش ئازایە با قسەبكات!". 

ئاسۆس هەردی باسی لەوەشکرد، ئەوەی كە دەبینرێت بێگومان ئەمجۆرە هەڕەشانە نەك نەیتوانیووە هەموو خەڵكی كوردستان و ڕۆژنامەنوسان چاوترسێن بكات بەڵكو بەپێچەوانەوە بەدەیان ڕۆژنامەنوسی گەنجی دروستكردووە كە ئەگەر لەتۆڕەكۆمەڵایەتیەكان ببینرێن چۆن بەئازایانەو بەبوێرییەوە قسەدەكەن و ڕەخنەدەگرن و داكۆكی لەئازادییەكان دەكەن و داكۆكی لە گیراوەكان دەكەن و پێشێلكاریەكان ئاشكرادەكەن لەبەرئەوە ئەوەی كەلەسەر ئێمەیە نەترسان و سڵ نەكردنەوەیە چونكە دەبێت هەموومان ئەوەمان لەبەرچاوبێت ئەمە هەتاسەر وانابێت ئەمڕۆ ڕۆژێكی تاریكە بەڵام بەدڵنیاییەوە لەكۆتایی تونێلەكە ڕووناكی هەیە، وە ئەمە قۆناغێكی ڕاگوزەرە و پێموایە زۆربەی هەرەزۆری ڕۆژنامەنووس و چالاكوانە ئازادەكان باوەڕییان بەم ڕاستیە هەیە بۆیە بەردەوامبوون وقسەكردن، وازنەهێنان، سووربوون لەسەر پەیامەكەی خۆمان باشترین وەڵامە بۆ ئەمجۆرە ستەم و پێشێلكاریانە. 


PM:01:30:03/05/2021