میدیایەكی نزیك لە پەكەكە لەسەر پێكدادانی شەوی رابردووی گەریلا و پێشمەرگە ڕوونکردنەوە دەدات

میدیاکانی پەكەكە، لەبارەی پێكدادانی درەنگانی شەوی رابردووی نێوان گەریلا و هێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت" هێزەكانی پارتی ویستویانە لە گردی بۆڵێ لە دەڤەری برادۆست جێگیربن، بەڵام لەلایەن گەریلاوە هۆشدارییان دراوەتێ". 

ماڵپەڕی رۆژ نیوز، نزیك لە پەكەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەزاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ڕایگەیاند" لە گردی بۆڵێ و لە ناوچەکانی بەربزنان و گۆشینێ لە سنووری شارەدێی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست، پێشمه‌رگه‌كانی هێزی هەڵگوردی پارتی بە چەکی قوورسه‌وه‌ هێرشیان کردووە و ویستوویانە لە ناوچەکە جێگیرببن، بەڵام لەلایەن گەریلاکانەوە پێیان واتراوە، کە نابێت لێرە جێگیربن و هۆشیارکراونەتەوە".

میدیاكه‌ی سه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌وه‌شی ئاشکراکردووە، لە بەرامبەردا چەکدارەکانی پەدەکە تەقەیان کردووە و تەنانەت ئاڕ پی جی‌یان بەکارهێناوە، هەربۆیە گەریلاکان تەقەیان بە ئاسماندا کردووە و چەکدارەکانی پارتی هەڵهاتوون و ناوچەکەیان جێهێشتووە، تەنانەت وەک میدیای پارتی باسیان کردووە، هیچ پێشمەرگەیەکیش بریندار نەبووە. 

باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەم هێرشەی پارتی لە کاتێکدایە، سوپای تورکیا چەندین کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە، تا ئێستا وێڕای ناڕەزایی توندی خەڵک، تەنها گەریلاکانی ئازادیی رووبەڕووی ئەو داگیرکارییە بوونەتەوە.


AM:11:52:06/05/2021