ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمایە

ئەمڕۆ شەممە ٨ی ئایار ڕۆژی جیهانی ڕووبەرووبوونەوەی نەخۆشی تالاسیمایە کە نەخۆشیەکی بۆماوەییە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و ماددەی هیمۆگلۆبین.

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەخۆشی تالاسیمیا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەم بۆنەیەدا وێڕای ڕێز و ستایش بۆ منداڵانی چاوگەش و هەموو هەڵگرانی ئەم نەخۆشیە و خانەوادەکانیان، ئومێد و هیوای چاکبوونەوە تەمەن درێژی و خۆشگوزەرانیان کار و ئەرکی لە پێشینەمانە، دووپاتی دەکەینەوە بە پێداگیریمان و بەردەوامبوونمان لە دابینکردن و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریەکانی چارەسەری و پێداویستیەکان، دڵنیایی دەدەین کە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی کاری جددی و زیاتری لەپێشە هەم بۆ بەرنامەی نیشتمانی بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان ئەویش لە ڕێگەی زیاتر پتەوکردنی بەرنامەی پشکنینی پێشوەختەی هاوسەرگیری، کە بەهۆیەوە ڕێژەی توشبووانی تالاسیما لە هەرێمی کوردستان دەکرێت هێشتا زیاتر کەمبکرێتەوە هەروەها فراوانکردن و زیادکردنی جۆر و ژمارەی پێداویستیەکانی چارەسەری و نەشتەرگەری و خۆشگوزەرانی و تەمەن درێژیو سەلامەتی دوور لە ئێش و ئازارەکان بۆ هەڵگرانی ئەم نەخۆشیە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئامانج لە ڕۆژی جیهانی تەنها دروشمێک و یادکردنەوەیەک نیە، بۆ ئێمەی تەندروستکاران و دامودەزگاکانی تەندروستی هەموو ڕۆژ و ساتێک پەرۆشی پێشکەشکردنی باشترین چارەسەری و خزمەتکردنی نەخۆشانین بەڵام ئەم ساڵڕۆژە ڕۆژێکە بۆ هاندانی دامودەزگاکانی تری پەیوەنداری کۆمەڵگا لە گەیاندنی هۆشیاری و پشتگیریکردنی بنەبڕکردنی ئەم کێشە تەندروستیە لە ڕەگ و ڕیشەدا، هەروەها بەبیرهێنانەوەی هەمووانە لە کوڕان و کچان لە کۆمەڵگەکەمان کە دەکرێت پاڵپشت و هاوکار و پابەندبین لە نەهێشتنی ئەم نەخۆشیە کوشندەیە و هۆشیاربکرێنەوە تا زانیاری دەربارەی نەخۆشی تالاسیمیا بەدەست بهێنن وە هانی هەموو کەسێک بدرێت كە خوێن بەخشین واتە ژیان بەخشین بە کەسانی دیکە، هاوکات هانی گەنجان و هەمووان بدرێت كە پێشچوونە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدانی پشكنینی فەرمی پێشوەختەی هاوسەرگیری ئەرکێکە و بۆ خۆشگوزەرانی ژیانی خۆیان و نەوەکانی ئایندە.

تەندروستی هەرێم لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش دەکاتەوە، لەکۆتایدا پابەندبوونی وەزارەتی تەندروستی لە پرۆژەی ستراتیجی و گرنگەکان بۆ خۆپارێزی و چارەسەری دەستەبەرکردنی مافەکانیان دووپات دەکەینەوە.

هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا یادی نەخۆشی تالاسیمیا لە جیهاندا دەکرێتەوە، لەو رۆژەدا چالاكی و هۆشیاری جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، نەخۆشی تالاسیمیا نەخۆشیەكی درێژخایەنە و ئەم نەخۆشیە لەڕێگای جینەکانەوە پاش هاوسەرگیری ڕوودەدات بەهۆی گۆڕانکاری و تێکچوونی ماددەی (DNA)، هەربۆیە ڕێنمایی هەموو کەسێک دەکرێت پێش پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری پشکنین ئەنجام بدات.


AM:11:39:08/05/2021