یەکێتی پێشبینی بۆ کورسیەکانی پارتی لە پارێزگای کەرکوک دەکات

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشبینی دەکات پارتی لە سنوری پارێزگای کەرکوک تەنها یەک کورسی بە دەستبهێنێت.

محەمەد دووشیوانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنک لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، جگە لە پارتی کە ڕەنگە لە کەرکوک کورسیەک ببات، هیچ حزبێکی تر کورسی بەدەست ناهێنێت و هەموو کورسیەکانی کەرکوک یەکێتی دەیانبات".  
  
ئەو بەرپرسەی یەکێتی باس لەوە دەکات لەو ١٢ کورسیەی کەرکوک، زیاتر لە ٦ کورسی بۆ کورد بێت، کورد لەهەموو پێکهاتەکانی تر زیاتر خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە کردووە.  

دووشیوانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتویەتی، ئەوەی وایکرد کورد لەناوچە کێشە لەسەرەکان یەک نەبێت، پارتی بوو، چونکە دوو مانگ لەمەوبەر ئەوان بە تەنها دابەزینیان بۆ هەڵبژاردن ڕاگەیاندووە، بەڵام ئێمە وەکو یەکێتی لەگەڵ چەند حزبێکی تر هاوپەیمانێتیمان هەیە، لەجارەکانی پێشتریش باشتر خۆمان ڕێکخستووەتەوە.  

ئەو بەرپرسەی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەشڵێت، جگە لەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتیان دروستکردووە، لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش لێکگەیشتن لەنێوانیاندا هەیە، هەروەها بەشێک لە حزبەکانی تریش کاندیدیان نابێت و پشتیوانیانن، لەکۆی ١٦ حزبی کوردی ٤ حزب لەکەرکوک لەگەڵ یەکێتی نییە ئەوانی تر یان کاندیدیان نابێت یان لەگەڵیانن.  



PM:08:51:11/05/2021