سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ئیسرائیل و فەلەستین پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" نیگەرانین لەو تووندوتیژییانە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتی مەدەنی".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی مەدەنی و منداڵان و بە ئامانجگرتنی شوێنە پیرۆزەکان".

سەرۆکی هەرێم لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا داوای دانبەخۆداگرتن و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە دەکات بۆ ئەم ئاڵۆزییەی ئێستا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئاکامی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ٤٨ کاتژمێری نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستنی و سوپای ئیسرائیل لانیکەم ٣٥ فەلەستینی کوژراون، کە ١٠یان منداڵ هەن، پێنج ئیسرائیلیش لە ئەنجامی مووشەکبارانی گرووپە جیهادییەکانی فەلەستین کوژراون.


AM:10:45:12/05/2021