لە یەکەم رۆژی جەژندا مامۆستایانی ناڕازی داوای ئازاکردنی گیراوەکانی دهۆک دەکەن

لە سلێمانی کاتژمێر ١٠ ی پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە، یەکەم رۆژی جەژن ژمارەیەک مامۆستاو چالاکوانی ناڕازی لەبەردەم باخی گشتی کۆبوونەوەو داوای ئازاکردنی گیراوەکانی پارێزگای دهۆکیان کرد.

مامۆستایانی ناڕازی بەبڕیاری گردبوونەوەکەیان دابوو لە راگەیەنراوێکدا سێ داواکارییان لەبارەی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان خستبووەڕوو کە داوا لە حکومەت دەکەن گوێبگرێ لە ناڕەزایەتی و نیگەرانی ناوخۆیی و جیهانی لەبارەی ئەم کەیسەوەو، دەستبەجێ سزاداراوان و ئەوانەش کە دادگایکردنیان کۆتایی نەهاتووە، ئازاد بکرێن لە نێویشیاندا ماماۆستا بەدەل بەراوری.

لە١٦ ی شوبات، دادگای هەولێر سزای زیندانیکردنی شەش ساڵی بەسەر پێنج چالاکوان و رۆژنامەنوسی دهۆکدا سەپاند، لە ٢٨ ی نیسانیشدا دادگای پێداچونەوەی هەرێم بەزۆرینەی دەنگ حوکمەکەی پەسەند کرد.


AM:10:54:13/05/2021