ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ لە دوو رۆژی جەژندا ئاشکراکرا

لەماوەی دوو رۆژی جەژنی رەمەزاندا 10 روداوی هاتوچۆ رویانداوە و بەهۆیانەوە 21 کەس برینداربون و دو کەسیش مردون.

ڕائیدی بەھمەن عبداللە ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە یەکەم ڕۆژی چەژندا ڕوداوەکانی ھاتوچۆ ئاماری ترسناکیان تۆمارکردوە، بە ئەندازەی خراپی ڕێگاوبانەکان شۆفێرانیش کەمتەرخەم و ھۆکارن بۆ ڕوداوی ھاتوچۆ، لەیەکەم ڕۆژی چەژنی ڕەمەزاندا 9 ڕوداوی ھاتوچۆ ڕویانداوە، کە قوربانی لێکەوتوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پێنج روداوی هاتوچۆ لە دەرەوەی شار و چوار روداوی دیکەش لە ناو شار رویانداوە، بەهۆیەوە 16 کەس برینداربون و 2 کەسیش مردون". 

وتیشی" نیوەڕۆی ئەمڕۆش روداوێکی لە سلێمانی رویداو بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربون، بەوەش ژمارەی بریندارانی هاتوچۆ لەئەمڕۆ و دوێنێدا بۆ 21 کەس بەرزبوەوە". 

باسی لەوەشکردوە، لەدوای ھێڵکاری ڕوداوەکان دەرکەوت کە ھۆکاری سەرەکی ڕوداوەکان کەمتەرخەمی شۆفێرانە لە خێرایی لە ڕادەبەدەر و سەرقاڵ بون بە مۆبایل و تێپەڕاندنی ھەڵە ھۆکاری ڕوداوەکان بون، ئەمە جگە لە شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان کە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی نابن و دواجار کارەسات دەخوڵقێن. 


PM:03:20:14/05/2021