وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاگاداری ئەو ماڵانە دەکاتەوە کە پێوەری زیرەکییان بەستووە

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاگاداری ئەو ماڵانە دەکاتەوە کە پێوەری زیرەکییان بەستووە و ڕایدەگەیەنێت" هەر ماڵێک لەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کارەبا زیاتر بەکاربهێنێت، بۆ ماوەی 45 چرکە کارەباکەی دەبڕدرێت". 

وەزارەتی كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداریی هاوبەشانی كارەبا دەكەینەوە ئەوانەی پێوەری زیرەكیان بۆ دانراوە لەم قۆناغەدا وەزارەتی كارەبا هەڵدەستێت بەدیاریكردنی بڕی پێدانی كارەبا بەمشێوەیە: جۆری هاوبەشی پێوەری سینگل فەیس بە 40 ئەمپێڕ و سری فەیس بە 90 ئەمپێڕ.

ئاماژەی بەوەشکردووە" بەمشێوەیە هەمو ئەو هاوڵاتیانەی پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە ئەگەر وزەی كارەبای بەكارهاتو لەو ئاستەی وەزارەت دیاریكردوە زیاتر بەكارهێنرا ئەوا وەكو ئاگاداركردنەوەیەك وزەی كارەبای ئەو هاوبەشە بۆ ماوەی 45 چركە( ثانيه) دەكوژێتەوەو پاش ( 150 ) چركە كارەباكەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەگەر لەماوەی 30 خولەكدا (دەقیقە) پێنج جار بڕینی كارەبا لەسەر یەك رویدا، ئەمجارە كارەبای هاوبەشەكە دەبڕدرێت و پاش 45 خولەك ( دەقیقە ) كارەباكەی دەگەڕێتەوە".

وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، پەیڕەوكردنی ئەم شێوازە بۆ پێدانی كارەبا بە یەكێك لەمواسەفاتەكانی پێوەری زیرەك دادەنرێت، بۆ ئەوەی لەوەرزەكانی ساڵ دا بەپێی هەڵكشانی خواست و بەرهەمهێنانی كارەبا  وەزارەت بتوانێت كۆنترۆڵی كارەبا بكات و بەشێوەیەكی دادپەروەرانە زۆرترین ماوە كارەبا بدات بە هاوڵاتیان، لەگەڵ باشكردنی بارودۆخی كارەبا و جێگیركردن و كۆنترۆڵكردنی سیستەمی كارەبا گۆڕانكاریی بەسەر پەیڕەوكردنی شێوازی دیاركردنی بڕەكەدا دێت. 


PM:09:24:21/05/2021