ئەنجومەنی دادوەری زانیاری نوێ لەبارەی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان ئاشکرا دەکات

سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" هەرچەندە دۆسیەی حوكمدراوەكانی بادینان، بەپێی رێكارو میكانیزمە یاساییەكانی خۆی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ كراوە تا گەیشتوەتە دادگای پێداچونەوە، بەڵام لەئێستادا دۆسیەکە لە قۆناغی راستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمیزدایە". 

بەنگین قاسم، سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستانیان لەگەڵ مارتین هوس باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق‌ و ڤینسنت گیوم پۆپۆ بەرپرسی نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان کۆبوەوە و لەبارەی دۆسیەی سزادراوانی بادینان گفتوگۆیان کردوە.

ئەنجومەنی دادوەریی لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکە بڵاویکردەوە، باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە بە گرنگییەوە دەڕواننە هەوڵەكانی هەرێم بۆ چەسپاندنی یاساو پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.

لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی ئاماژەی بەوەکردوە" دۆسیەی حوكمدراوەكانی بادینان، بەپێی رێكارو میكانیزمە یاساییەكانی خۆی، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ كراوە تا گەیشتۆتە دادگای پێداچونەوە، لەئێستاشدا دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان لە قۆناغی (راستكردنەوەی بڕیاری دادگای تەمییز)دایە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئێمە وەك ئەنجومەنی دادوەری‌و دادگای پێداچونەوە، بە شێوەیەكی بێلایەنانە كار دەكەین، خوازیارین ئەم بابەتانە بە ئاڕاستەی سیاسی یان بابەتی راگەیاندن نەبردرێن. 


PM:03:14:27/05/2021