سەفین دزەیی: سەرجەم خاڵەکانی بەغدا جێبەجێکردووە
ئازادی بیروڕا لە هەرێم سنوردار نەکراوە


کەمنین ئەو دەنگانەی دەڵێن هەرێم مەرجەکانی بەغدای بۆ یاسای بودجە جێبەجێنەکردووە، هەروەها زۆرێک لە رێکخراوەکانی چاودێری ئازادی بیروڕاو رۆژنامەگەری، جەخت لە سەر پاشەکشە دەکەن لەو بوارەدا، کەچی سەفین دەزیی پێیوایە کە هەردوو دۆخەکە باشن.

سەفین دزەیی " بەر‌پرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند، هەرێم پابەندە بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغداو سەرجەم خاڵەکانی رێککەتنەکەی جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی بەغدایە".

لەبارەی ئازادی و ئازادی رۆژنامەگەریەوە، بەر‌پرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم دەڵێت "هەرێمی کوردستان دەنگ و ناوێکی جوانی هەیە لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتی ئازادیی بیروڕا و دیموکراسیەت."

سەفین دزەیی وتیشی "ئەو رووداوانەی لەم دوایانەدا روویانداوە بەو واتایە نایەت کە پانتایی ئازادیی لە هەرێم سنوردارکراوە."

رۆژی ٢٨ ی مانگی نیسان، سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.

هەروەها تا ئێستا حکومەتی بەغدا هیچ بڕە بودجەیەکی بۆ هەرێم نەناردووە گەر حکومەت پابەندبوایە بەغدا بودجەی دەنارد.



PM:08:30:28/05/2021