لە فڕۆکەخانەی هەولێر "لە بەرامبەر سەرخستنی پێشمەرگەیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت ١٥٠ دۆلار" وەردەگیرێت

پێشمەرگەیەکی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەرێمی کوردستان کە مافی پەنابەری لە وڵاتی ئەڵمانیا هەیە رایدەگەیەنێت" لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە زۆر ناچاریان کردوە ١٥٠ دۆلار بدات بە کۆمپانیایەک لەبەرامبەر یارمەتیدانی بۆ سواربونی ئەو فڕۆکەی کە دەیگەیاندەوە ئەڵمانیا". 

پێشمەرگەیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوی کامەران مەحمود لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" کە لە فڕۆکەخانەی شاری هەولێر بە زۆر ناچاریان کردووە ١٥٠ دۆلار بدات بە کۆمپانیایەک لەبەرامبەر یارمەتیدانی بۆ سواربوونی ئەو فڕۆکەی کە دەیگەیاندەوە ئەڵمانیا، لە کاتێکدا ئەو دوو برای خۆی لەگەڵی بووەو پێویستی بەو کۆمپانیا نەبووە کە ئەو پارەیەی لێسەند. کۆمپانیاکە ناوی (Flyerbil) فلای-ئەربیل-ە".

باسی لەوەشکردووە، دوای ئەوەی ناچاریان کردووە ١٥٠ دۆلار بدات، چەند کارمەندێکی ئاسیایی و بیانی-یان هێناوە یارمەتی بدات و سوار فڕۆکەکەی بکات کە هیچ لە زمانی ئەم تێنەگەیشتوون و زۆر ئازاریان داوە، تەنانەت جانتای کەل و پەلەکانیشیان بە زۆر خستۆتە باوەشی خۆی و ئەمەش هەم دیسان ئازاری داوە، چونکە ئەو بە رادەی ١٠٠% تووشی شەلەلی روباعی بووە  لە ساڵی ١٩٩٨ەوە.

کامەران مەحموود باس لەوەشدەکات، لە فڕۆکەخانە پێیان وتووە کە ناهێڵن سواری فڕۆکەکە ببێت گەر ئەو پارەیە نەدات بە کۆمپانیاکە.


AM:11:53:29/05/2021