محەمەدی حاجی مەحمود: ئەگەر سەرۆک لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت ئامادەم خۆم کاندید بکەم

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باس لە بۆچوونی حزبەکەی و خۆی دەکات لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان و دەڵێت" دەستوور دەبێت هەموو جوگرافیای کوردستانی تیادابێت واتە جوگرافیای کوردستانی باشوور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی کە پێی دەڵێن کوردستان، لەدەستووری هەرێمی کوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میللەت هەڵیبژێرێت"، دەشڵێت: "ئەگەر لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم".

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند" لەڕاستیدا دەبووایە دەستووری هەرێمی کوردستان پێش دەستووری عیراق بنوسرێتەوە لەوکاتەی کە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەتی هەبوو پێش رووخاندنی (سەدام) دەبووایە ئەوکاتە بنوسرایەتەوە، ئەو کاتە رای ئەمریکیەکانیش وەهابوو کە کورد پێش دەستووری عیراق دەستوور بنوسێتەوە".

وتیشی: "ئێمە لە ساڵی 2009 دەستوورمان نووسییەوە لە پەرلەمانی کوردستان واتە رەشنووسی تەواو بوو خرابوویەوە دەنگدانەوە بەنزیکەیی کۆتایی پێهاتبوو، لە 2015 ش بڕیاربوو بخرێتە راپرسیەوە بەڵام نەیانکرد، دواتر کێشەی ناوحزبەکان دوایانخست".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "بەڕای ئێمە دەستوور گرنگە رەنگە ببێتە سەرچاوەیەک، گەڕانەوە بۆ دەستوور رەنگە بتوانێت یاساکان رێکبخات، دەسەڵاتەکانی یاسادان و جێبەجێکردن لەیەک جیابکاتەوە، بۆ ئەوانە دەتوانێت بەرنامەیەک بۆ داهاتوو دابنرێت، ئێمە ئێستا ناتوانیین بگەڕێنەوە بۆ هیچ شتێک لەدەستووردا، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەندێک شتی کۆنی پەرلەمان یان بچین بەدوای دەستووری ساڵی شەستەکان و حەفتاکاندا بگەڕێین".

محەمەدی حاجی مەحمود، ئەوەشی وت: "ئێمە تائێستا دەستوورمان نییە بۆ نموونە سێ کەس رێکخراوێکی (NGO) بکاتەوە لە هەرێمی کوردستان یان رێکخراوێکی خێرخوازی بکاتەوە و داوا لە حکومەت بکات، حکومەت داوای بەرنامەکەی لێدەکات کە دەستووری ئەو رێکخراوەیە، حکومەت خۆی تائێستا دەستوورەکەی نییە ئەوە 30 ساڵە، پێموایە کەموکورتیەکە من ناڵێم دەستوور هەموو شتێک چارەسەر دەکات بەڵام دەستوور دەبێتە سەرچاوەیەک".

بەڵام ئایا بارودۆخی ئێستا جیاواز نیە لە ساڵی نۆسەد و شەست و حەفتاکان ئایا ئەو یاسا و دەستوورانە بۆ ئەم سەردەمە دەبن؟

لەوەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی: "نەخێر بارودۆخ و سەردەم وەک ئێستا نییە، بۆنموونە من لەو ڕۆژانە بینیم خەڵاتیان دابوو بەچەند نووسەرێک، هیچ دەستوورێک ئەو خەڵاتەی تیادانەبوو گەڕانەوە بۆ ساڵی شەستەکان و حەفتاکان کۆتاجار چوونەوە سەر ساڵی 1952ی مەلیکی بڕگەیەکیان دەرهێنا ئەو خەڵاتەیان پێشکەش کرد بەو کەسانە واتە کەموکورتیە ناتوانرێت بگەڕێنەوە بۆ ساڵی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان تەنانەت نەوەدەکانیش چونکە ئەوانە هەمووی بەسەرچووە، ژیانی خەڵک لە رووی سیاسی لە رووی ئابووری و لە رووی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئێستادا زۆر جیاوازە".

واتە دەستور دەتوانێت چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکات؟ لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی"ناڵێم دەستوور دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات واتە هەموو شتەکان، بەڵام دەستوور دەبێتە چوارچێوەیەک کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگی بۆ دەدات ئەوکاتە هەرلایەک پابەند نەبوو دەتوانرێت ئەوکاتە بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری دادگاکان بۆ دەستوور، من پێموایە دەستوور بەشێکە لە خەبات و بەشێکە لە داواکانی خەڵکی کوردستان چۆن ئێمە لە حکومی زاتیەوە چوین بۆ فیدڕاڵی، دەستووریش یەکێکە لەو قۆناغانە کە پێویستە بۆ ئەم وڵاتە بۆ نموونە شەش ملیۆن کەس دەتوانێت بەبێ دەستوور کە مەرجەعیەتێکی نەبێت بگەڕێتەوە بۆی، دەتوانێت بەڕێوەبچێت! واتە خێزان دەستووری هەیە، حزبێک هەیە، پەیڕەوەی ناوخۆی هەیە واتە دەستوور، حزبێک هەیەتی و رێکخراوێک هەیەتی، ئەی بۆ میللەتێک نەیبێت!".

ئایا پێتان وایە حکومەتی عیراقی و لایەنە عیراقیەکان رێگە بدەن هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوور ئەگەرچی لە دەستووری عیراقیدا رێگەی پێداوە؟

وەڵامەکەی محەمەدی حاجی مەحمود بەمجۆرە بوو، "من پێموایە خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆی دەبێت بڕیار بدات، خۆ دەستوور هیچ کەسێک نایخاتەسەر سینیەکی زێڕین و بێت پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بکات، خەڵکی هەرێمی کوردستان لەدەستووری عیراقیدا ئاماژەی پێدراوە و مافیداوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە دەستووری عیراقی ئەو مافەیداوە دەبێت کورد بەسەر ئەو فرسەتەی خۆی تێنەپەڕێت و بڕیاری لێبدات".

محەمەدی حاجی مەحمود، سەبارەت بە داواکاری سەرەکییان لە ناو دەستوردا وتی: "ئێمە پێمانوایە دەستوور دەبێت هەموو جوگرافیای کوردستانی تیادابێت واتە جوگرافیای کوردستانی باشوور مەبەستم چیای حەمرین ئەو شوێنانەی کە پێی دەڵێن کوردستان، لە دەستووری هەرێمی کوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لەلا گرنگە بەڵام سیستەمەکە سیستەمێکی پەرلەمانی بێت".

باشە چۆن دەکرێت سیستمی حوکمڕانی پەرلەمانی بێت و سەرۆکیش لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت؟

لە وەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی: "ئێمە پێمانوایە سیستەمەکە دەتوانرێت پەرلەمانی بێت بەڵام ئەگەر سەرۆک لەناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هەڵبژێردرێت یەکەم دیموکراتی زیاترە، دووەم مافی هەموو تاکێکی خەڵکێکی کوردستان پێشێل ناکرێت رێگەی لێبگیرێت دەنگ بدات واتە پەرلەمان رەنگە نوێنەری هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت بۆچی پەرلەمان بە 111 کەسەوە سەرۆک هەڵبژێرێت، ئەی بۆ میللەتێکی سێ ملیۆنی دەنگ نەدات بۆ سەرۆکەکەی خۆی، دووەم ساڵانی پێشوو کە سەرۆک لە ناو خەڵکدا هەڵبژێردرا زیاتر لە 20 کەس خۆی کاندیدکرد بۆ سەرۆکایەتی بەڵام ئێستا ئەگەر لە ناو پەرلەمان بێت جگە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی کاندید بکات واتە مافی هەموو ئەو خەڵکە پێشێل دەکرێت".

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەشی وت: "ئەگەر لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرێت بەڵێ ئامادەم خۆم کاندید بکەم بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ، جاری پێشوو لەناو خەڵکدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەکی زۆر خۆیان کاندید کرد ئەوکاتە حەڤدە-هەژدە کەس دەنگیشیان هێنا بۆنموونە کاک (کەمال میراودەلی) نزیکەی نیو ملیۆن دەنگی هێنا، کۆمەڵێک خەڵک بۆنموونە لە گەرمیان لەشوێنەکانی تر دەنگیان هێنا، کوڕی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەنگی هێنا ئەوکاتە خەڵک دەنگی زۆر هێنا واتە ئەوە ئازادانەترە و دیموکراتی ترە لە وڵاتێک 20-30 کەس خۆی کاندید بکات بۆسەرۆک یاخود لەناو پەرلەماندا تایبەت بکرێت لەسەر حزبێک یان دوو حزب".

محەمەدی حاجی مەحمود، جەختی لە خۆکاندید کردن کردەوە و وتی: "ئەگەر دەنگدانی خەڵکی کوردستان بێت بەڵێ من دەچم خۆم کاندید دەکەم ئەوکاتە ئەگەر دەنگ بهێنم یان نەیهێنم ئەوە شتێکی ترە بەڵام من خۆم کاندید دەکەم بۆسەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".

ئایا ئەم داواکارییەی ئێوە (هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمان و لە هەمانکاتدا سیستمی حوکمڕانی پێویستە پەرلەمانی بێت) بۆ راگرتنی هاوسەنگییە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان کە داوا دەکات سەرۆک لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت لە بەرامبەردا لایەنەکانی تر داوا دەکەن سیستمی حوکمڕانی پەرلەمانی بێت؟

محەمەدی حاجی مەحمود لە وەڵامدا وتی" من پێشتریش هەر بۆچوونم وابووە و ئێستاش و داهاتووش بۆچوونی خۆم وایە سەرۆک هەرکەسێک و هەر حزبێک بێت میللەت هەڵیبژێرێت چونکە میللەتێک مافی خۆیەتی سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت و دەنگی خۆی بدات نابێت قەدەغە بکرێت لەخەڵکی هەرێمی کوردستان کە کەس خۆی کاندید نەکات تەنها لەناو پەرلەماندا 111 کەس هەڵیبژێرێت کە رەنگە ئەوان زیاتر نوێنەری حزبەکان بن چونکە خەڵکی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانییەوە مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بۆ سەرۆکێک بدەن کە خۆیان هەڵیبژێرن".

محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت: "من پێموایە کۆمەڵێک کێشەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان ئێستا حزبەکان خۆیان پێیانخۆشە دەستوور نەبێت و خۆیان بڕیار بدەن لەجیاتی دەستوور ئەگەر دەستوور هەبوو ئەوکاتە حزبەکان ناچارن ئیلتزامی پێوەبکەن واتە ئەوکاتە قەزا و دادگاکان دەتوانن رۆڵ ببینن، ئەو حزبەی پابەند نەبێت بەبڕیارەکانی دەستورەوە، ئەوانە دەتوانن چوارچێوەی سنووردار بکەن".

محەمەدی حاجی مەحمود رەتیکردەوە باسکردنی دەستوور پەیوەندی هەبێت بە بابەتی "رێکلامی هەڵبژاردن" لەو روەوە وتی: "باوەڕناکەم بەڵام رەنگە رێگری هەبێت لەناودەستووردا، یەکەم حزبەکان پێیانخۆش نییە دەستوور هەبێت بۆئەوەی خۆیان لەجیاتی دەستوور بڕیاربدەن واتە خۆیان کۆببنەوە و لەجیاتی دەستوور بڕیاربدەن، رەنگە یەکێک لەوانە پەیوەندی بەسنووری هەرێمی کوردستانەوە هەبێت رەنگە ئەوە یەکێک لەخاڵەکان بێت کە رێگربێت".


PM:12:51:31/05/2021