تەندروستی هەرێم لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەڕووی ڕەش زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری تەندروستی هەرێم لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کەڕووی ڕەش زانیاری نوێی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند" نەخۆشی كەڕووی رەش نوێ نییە و پێویست بە ترس ناكات".

 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند" بەپێی راپۆرتی ھەفتانەمان لە تیمی پسپۆری و راوێژکارانی بیانی لە بواری پەتازانی بە ھاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھان، کە ھەفتانە لەسەر بنەمای پێوەرە نێودەوڵەتی و جیھانییەکان ھەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستیی لە ھەرێمی کوردستان دەکەین، ئێمە لە رەوشێکین بەرەو ئاسۆیی دەڕوات، واتا لە بارودۆخێکی مامناوەندین".

وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت" دەتوانین بڵێێن ئێستا ئێمە لە دۆخێکی مامناوەندیداین، ئەمەش پێویستی بەوە ھەیە بەردەوامبین لەسەر جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بە تایبەتی دانانی ماسک و دوورکەوتنەوە لە یەکدی، ھاوتەریب لەگەڵ پێدانی ڤاکسین کە پرۆسەکە بەردەوامە و رۆژبەڕۆژ بەرەو فراوانتر دەڕوات".

دکتۆر سامان بەرزنجی، ئەوەشی خستە ڕوو، لە ٢٩ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٠ لە سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا، کە دوو جار ھەڵکشانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا کە لە ھەفتەی بیست و یەکەمینی ساڵین، لە ھەر ١٠٠ ھەزار کەسێک لە دانیشتووان ٦٠٩ کەس تووش دەبن، واتا لە ھەر ١٠٠ کەسێک کە تێستی بۆ دەکرێت ٦ کەس پۆزەتیڤە، ئەمە پێوەرێکە لە ١٠ کەمترە، واتە پێوەرێکی باشە، لە کاتێکدا لەم ھەڵکشانەی ئەمجارە گەیشتینە ١٤.

ھەر بەپێی داتاکانیان، دکتۆر سامان وتی" رێژەی مردن لە ئێستادا ١.٣ی تووشبووانە، ئەو رێژەیەش بەراورد بە رێژەی ساڵی رابردوو کەمترە، واتە کۆنترۆڵکردن و چارەسەرکردن باشتر بووە، لەوکاتەی ھەڵکشانەکە بەرزبوو، ھاوکات لەسەر بنەمایەکی تریش کە ئەمە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە ھەر کەسێک زیاتر لە ٢ کەسی تووش دەکرد، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە کەمتر لە کەسێک تووش دەکات، ئەوەش ئاماژەیەکی باشە".

لەبارەی نەخۆشیی کەڕووی رەشەوە، وەزیری تەندروستی باس لەوە دەکات، کەڕووی رەش نەخۆشییەکی نوێ نییە و ھەموو ساڵێکیش حاڵەت ھەبووە، ھاوکات پەیوەندی بە کۆرۆناوەشەوە نییە، بەڵام کۆرۆنا ھۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی بەرگریی جەستە، ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان لاوازە یاخود نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن و بە ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە، ھەروەھا ئەو نەخۆشییە وەکو کۆرۆنا گوازرەوە نییە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر، بەڵام پێویستە رێوشوێنەکانی پاکوخاوێنی زیاتر رەچاو بکەن، ھاوکات بۆ ئەو کەسانەی ھیچ نەخۆشییەکیان نییه‌ و بەرگریی جەستەیان بەھێزە، ناگوازرێتەوە و ھیچ ترسناک نییە، بۆیە ئەو مەترسییە نییە تا ھاووڵاتیان تووشی دڵەڕاوکێ بکات. 


PM:01:05:03/06/2021