سەرۆکایەتی کۆمار: پێویستە سنوورێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنرێن كە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق تێكدەدەن

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆكایەتی كۆمار داوای كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە هەرێم و موسڵ دەكات و بوونی پەكەكەش بە نایاسایی وەسف دەكات.

ئەمڕۆ وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی ڕووداوەكەی دوێنێ ناوچەی مەتینا بڵاوكردەوە و دەڵێت" بەنیگەرانیەوە چاودێری پێشھاتە نەخوازراوەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات و سەرکۆنەی ئەو ھێرشانە دەکات، کە ڕۆژی شەممە 5ی حوزیران، کرانە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، لەناوچەی ئامێدی پارێزگای دھۆک و لەئاکامدا چەند شەھید و بریندارێکی ھێزەکانی پێشمەرگەی لێکەوتەوە". 

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئەو ڕوداوە ئازاربەخشانە بەکۆتابێن، بونی ھێزی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان نایاساییە و پێویستە سنورێک بۆ ئەو دەسدرێژیانە دابنرێت کە مەترسی بۆ ئەمنی هاوڵاتیان و ئاسایشی عێراق دروست دەکەن، دەستور ڕێگەنادات خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆسەر دراوسێکان.

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار، پێداگری دەکات لەسەر، بنەبڕکردنی ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەی پێشێلی سەروەری عێراق  دەکەن، لەم ڕوەوە کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و موسڵ بە پێویست دەزانێت، چونکە بونی ئەو ھێزانە پێچەوانەی ھاوسێیەتی باش و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکانیشە، ھەروەها ھێرشکردنە سەر ناوچەکانی کامپی مەخمور مەترسیدارە و ناکۆکیشە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکایەتی کۆمار، بایەخی پەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیای دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دوپات دەکاتەوە، لەم ڕوەوە پێویستە کێشەکانی سنور و دۆسیەی ئەمنی لەنێوان ھەردوو وڵات، بەڕێگای ھەماھەنگی و لەیەکتری تێگەیشتن چارەسەربکرێن و ڕەچاوی ڕێزگرتن لە سەروەری و کاری پێکەوەیی بکرێت و دوور لە کاری یەکلایەنە. لەم پێوەدانگەوە عێراق دوپاتی دەکاتەوە کە نابێتە بێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوچەیی و دەرەکیەکان، ھەروەک چۆن ڕێگەنادات خاکەکەی بکرێتە مۆڵگەی پەلاماردانی ھیچ کەس و لایەنێک.


PM:01:06:06/06/2021