ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕاگەیەندرا

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت" سەردانەکەم بۆ درێژەدانە بە پەیوەندیمان لەگەڵ گەلی کورد، پەیوەندییەکی دێرینمان لەگەڵ گەلی کورد هەیە".

دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەى بەریتانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان رایگەیاند" ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێم درێژه‌پێدانه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد و په‌یوه‌ندییه‌كی دێرینمان له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد هه‌یه‌". 

وتیشی" سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش و خۆشحاڵین كه‌ كاری هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عیراق".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبەشێکی تری وتەکانیدا جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەى پشتگیری لە سەربەخۆیی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەکات و خوازیارە ئازادی ڕۆژنامەنوسی و ڕادەربڕین فەراهەم بکرێت.  

هاوکات لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد" پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بەرز دەنرخێنین، چونکە رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە پشتیوانیکردنی گەلی کورد".

سەرۆکی هەرێم دووپاتیشیکردەوە، هاوشانی بەریتانیا و هاوپەیمانەكانیان پابەندی خۆمان بە بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسی و هەڕەشەكانی داعش دووپات دەكەینەوە.

بەیانی ئه‌مڕۆ دۆمینیك راب وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌ سه‌ردانێكی فەرمی گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كانی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حکومەت كۆبۆوه‌وه‌.


PM:12:14:09/06/2021