سەرۆکی حکومەت له‌گه‌ڵ دوو به‌رپرسی باڵای وڵاتی به‌لجیكا كۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سۆفی ویلمز جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، برەودان بە پوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا و دوا پەرەسەندنەکانى عێراق و ناوچەکە بەگشتى،پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی، مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕى داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و بنبڕکردنی هۆکارەکانی و کارکردن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و تەناهی لە ناوچەکە و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش تاووتوێ کران.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی بەلجیکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگیی بەلجیکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، پابەندبوونی هەرێمی کوردستانیشی بە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە دووپات کردەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سوپاسی هەماهەنگیی و کارئاسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ نێردەکانی بەلجیکا بۆ عێراق و سوریا. هاوسۆزی و پشتیوانیی و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان و تیرۆر بەگشتی .


PM:01:17:10/06/2021