سێ رێوشوێن بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار ئاشکراکرا

ئەندامێکى لیژنەى دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بانکى ناوەندى سێ رێوشوێنى گرتووەتەبەر بۆ دابەزاندنى نرخی دۆلار". 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند" وەزارەتى دارایی داهاتى فرۆشتنى نەوت بە ١٤٥ هەزار دینار دەداتە بانکى ناوەندى، ئەویش بە ١٤٦ هەزار دینار دەیخاتە مەزادەوە، لەبازاڕدا نرخەکەى لەنێوان ١٤٧-١٤٩ هەزار دینار ئاساییە، بەڵام لەوە زیاتر ئاسایی نییە، چونکە ناکرێت بانکى ناوەندى خۆى هەزار دینار قازانج بکات، بەڵام بانکێکى ئەهلى شەش بۆ هەشت هەزار قازانج بکات".  

جەختیشکردەوە، بانکى ناوەندى چەند رێوشوێنێک دەگرێتەبەر، لەرۆژى یەکشەممەوە هەموو ئەو بانکانەى پۆلێن کراون دەتوانن داواى دۆلار بکەن، دووەم هەر کەسێک پێویستى بەدۆلارە بۆ گەشت یان نەخۆشى یان خوێندن بەنرخى فەرمى دۆلار وەربگرن، سێیەم لەماوەى سێ رۆژدا زیاتر لە ٦٨٠ ملیۆن دۆلار خراوەتە بازاڕەوە بۆ ئەوەى نرخەکەى دابەزێت. 

شیروان میرزا ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەگەر بەهۆى ئەو رێوشوێنانەوە دۆخەکە چارەسەر نەبێت، بانکى ناوەندى لەناچاریدا پەنا بۆ ئەوە دەبات کە راستەوخۆ دۆلار بە خەڵک بفرۆشێت بۆ حاڵەتى پێویست".  

ئەندامەکەى لیژنەى دارایی باسی لەوەشکرد، ئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت، پارێزگارى بانکى ناوەندى و وەزیرى دارایی بانگهێشتى پەرلەمان دەکەن.  


PM:11:32:11/06/2021