دواین زانیاری لەسەر ڕەوشی دەستگیرکراوانی بادینان

پارێزەرێكی سزادراوانی بادینان رایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ بەشێک لە سزادراوانی بادینان توانییان چاویان بە کەسوکاریان بکەوێت". 

بەشدار حسێن، پارێزەری خۆبەخشی سزاداوانی بادینان ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لەسەر داوای بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمینجار، كەسوكاری سزادراوانی بادینان توانییان سەردانی رۆڵەكانیان بكەن لە ئاسایشی گشتی و هەر سزادراوێكیش ١٠ خولەك رێگەیان پێدرا كەسوكارەكانیان ببینن". 

ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ووتەی كەسوكاریان سزادراوان ئێستا جێگەو حاڵیان باشترەو لەلایەن ئاسایشەوە مامەڵەیەكی باشتریان لەگەڵدا دەكرێت، گوتییشی سزادراوان ووتویانە قۆناغە سەختەكانمان تێپەڕاندوەو لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕەوانەی گرتوخانەكانی چاكسازی دەكرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، گیراوان تا ئێستا چاوەرێن لە ڕێگەی دادگاوە بڕیاری ڕابردووی حوكمەكەیان هەڵبەوەشێتەوەو بێ تاوانیان بسەلمێندرێت. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی‌ ١٦ی‌ شووباتی ٢٠٢١، دادگای‌ تاوانەکانی‌ دووی‌ هه‌ولێر سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانی‌ به‌سه‌ر هەریەک لە (ئه‌یاس ئه‌كره‌م، شێروان شێروانی‌، شڤان سه‌عید بەڕۆژکی، گوهدار موحەممەد زێباری‌ و هاریوان عیسا) سەپاند، کە ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێكەوتۆتەوە و داوا لەدادگای پێداچوونەوە دەكرێت بە بڕیارەكەدا بچێتەوە.


PM:03:55:13/06/2021