مەسرور بارزانی لەسەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند" گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک کە بەشە بودجەی هەرێم بگەڕێنرێتەوە". 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تویتەر ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆمان دەربارەی پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ڕاستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد". 

دەشڵێت" خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حيساب دەکرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی سەرۆک وەزیرانم کرد بۆ سەرکردایەتییەکەی و هەروەها سوپاسی حکومەتی فیدراڵیم کرد بۆ پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنەکە. 

مەسرور بارزانی لەکۆتایی بڵاوکراوەکەدا ڕاشیگەیاند، ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگە و بە یەکەوە بە سەر بەربەستێکی سەختدا زاڵ بووین. 

پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە حکومەتی عیراق بڕیاریدا مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات ناردنی پارەکە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەبێت و بەغدا ئەو بڕە پارەیە بەمەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکات. 


PM:09:18:15/06/2021