وادەی گەیشتنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ڕاگەیەندرا

جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت" بەغدا شایستەی دارایی شەش مانگی ئەمساڵ بۆ هەرێم دەنێرێت کە بۆ هەر مانگێک ٢٠٠ ملیار دینارە".

به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند" پێشبینیی ده‌كه‌م تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی شه‌ش مانگی رابردووی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بۆ هه‌ر مانگێك ٢٠٠ ملیار دیاره‌ بگاته‌ هه‌رێم، ئه‌گه‌ر هه‌مووی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نه‌یه‌ت، ئه‌وا به‌ چه‌ند قۆناغێك دێت".

ئاماژەی بەوەشکرد" بڕیاره‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ كاری پێده‌كرێت و پێویسته‌ ترلیۆنێك و ٢٠٠ ملیۆن دینار له‌ به‌غداوه‌ بێت و دیار نییه‌ كه‌ی پاره‌كه‌ ده‌گات،بەڵام ئەگەری بەهێز هەیە پێش كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بگات".

باسی لەوەشکرد، ره‌نگه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نه‌یه‌ت، ره‌نگه‌ به‌ دوو قۆناغ یان سێ قۆناغ بێت، ئه‌وی دیكه‌ش تا كۆتایی ئه‌مساڵ، مانگی ٢٠٠ ملیار دینار دێت. 

بەشیر حەداد ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێشتا مه‌ترسییه‌كان ماون و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كۆڵ نه‌ده‌ین و به‌و نه‌فه‌سه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كار بكات، گرنگیش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین، ئێستاش هه‌وڵده‌درێت كێشه‌ بۆ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ درووست بكرێت.

 ئێوارەی دوێنێ سێشەممە حکومەتی عیراق بڕیاریدا مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بە مەبەستی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات ناردنی پارەکە لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەبێت و بەغدا ئەو بڕە پارەیە بەمەبەستی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکات. 


PM:12:57:16/06/2021