لیژنەی دارایی پەرلەمان: موجامەلەی هەرێم مەکەن

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەت دەکات پابەندبێت بە یاسای بودجەوەو موجامەلەی هەرێمی کوردستان نەکات.

لە ڕاگەیاندنێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە ئەمڕۆ ١٦ ی حوزەیران بڵاوکرایەوە، داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکات بە تەواوەتی پابەند بێت بە مادەکانی یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ ەوە.  

هەروەها هاتووە " ئالیەتەکانی یاساکە ئاشکران و پێویستی بە شیکردنەوە و موجامەلە نییە لە مامەڵکردن لەگەڵ بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونەکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵیشی دیاری کردووە".

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەڕەشە دەکات و دەڵێت " ئەو لایەنانەی کە لە یاساکەدا ناویان هاتووە، بەرپرسیارێتی هەر پێشێلکارییەک لەو بارەیەوە هەڵدەگرن".

دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا تا تەواوی وردەکاری نێوان بەغداو هەرێم جێبەجێدەکرێت، مانگانە بەغدا ٢٠٠ ملیار دینار وەک پشکی هەرێم بنێرێت. 



PM:08:32:16/06/2021