ئەنجامی کۆبوونەوەی بایدن‌و بۆتین گەڕانەوە باڵوێزەکانی لێکەوتەوە

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکاو سەرۆکی روسیا بە ناکۆکییەکان و گۆڕینی تۆمەتەوە کۆتایی هات، ئەوەی تەنها بەرهەمی ئەو کۆبوونەوەیە بوو سەرلەنوێ خستنەوە کاری باڵوێزخانەکانی هەردوو وڵات.

بۆتین ی سەرۆک روسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند" کۆبوونەوەکە بەرهەمدار و بیانکەربووەو، هەوڵدراوە زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێتەوە".

هەروەها وتیشی" رێککەوتن لەسەر هەندێک پرسی سیبنتیکی کراوە".

دەربارەی ئەو هێرشە ئەلکترۆنیانەی دەکرێتە سەر ئەمەریکاو ئەو وڵاتە روسیای پێ تۆمەتبار دەکات، بۆتین وتی" زۆربەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ئەمەریکا لە ناوخۆی خۆیەوەیەتی، نەک لە رووسیاوە".

بۆتین ئاشکرای کرد بایدن رەزامەندی پێشانداوە لەسەر رێککەوتنی " ستارت" کە تایبەتە بە کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە سێ ساڵی ئەیندەدا".

دوای کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکەی بۆتین بە ماوەیەک، جۆ بایدنی سەرۆک ئەمەریکا لەسەر کۆبوونەوە چوار کاتژمێریەکەی نێوانیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا وتی " کۆبونەوەکەی لەگەڵ پوتین ئەرێنی و باش بووەو، رێکەوتوین کە رێگری بکەین لەوەی ئێران دەستی بەچەکی ئەتۆمی بگات".

بایدن رایگەیاند، " لەگەڵ پوتین پرسی داهاتوی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆمان تاوتوێکرد، جەختیشیکردەوە کە ئەجێندای ئەو دژی روسیا نیە، بەڵکو لەبەرژەوەندی گەلی ئەمریکایە."

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، کە بەهیچ جۆرێک لەپێشێلکارییەکان دژی سەروەری خاکی وڵاتەکەیان و دەستێوەردان لەهەڵبژاردنەکان خۆشنابن، وتیشی، وەڵامی ئەو دەستێوەردانانە دەدەنەوە.

بایدن پرسی هێرشی ئەلیکترۆنی لەگەڵ پوتین تاوتوێکردوە و بەڕاشکاوی پێیوتوە " هێرشکردنە سەر ژێرخانی تەکنۆلۆجیای وڵاتەکەیان رەتدەکەنەوە"و لە کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەدا هەڕەشەی کرد لە رووسیا بەوەی کە توانای ئەلکترۆنی ئەمەریکا زۆر بەهێزەو وەڵامیان دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەگەڵ سەرۆکی روسیا پرسەکانی ئەتۆمی ئێران، مەلەفی سوریا و لیبیای تاوتویکردوە.

سەرۆکی ئەمریکا لەکۆتایدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی پوتین دەیەوێت جەنگێکی نوێی ساردە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا.



PM:11:33:16/06/2021