هۆکار و چارەسەری گرانبوونی نرخی بەنزین لە هەرێم ئاشکرا کرا

ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ئاشکرای دەکات، تەنها دوو چارەسەر هەیە بۆ گرانبونی نرخی بەنزین، یان گرێبەست لەگەڵ پاڵاوتگە ناوخۆییەکان بکرێت و نرخی بەنزین لە کەمتر لە 500 دینار جێگیر بکرێت، یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو هەمو باج و ڕسوماتە لاببات و ڕێگە بدات لە ڕێگەی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێوە داغڵبکرێت. 

کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لەراگەیەندراوێکدا لەبارەی گرانبونی نرخی بەنزین باسی لەوەکردووە، لە ماوەکانی ڕابردو حکومەتی هەرێم بە بڕیاری ژمارە 483 لە ڕێکەوتی 8-2-2021 بڕیارێکی دەرکردوە و لە ڕێکەوتی 26ی (شوبات/2) ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە، کە تیایدا وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی کردوە بە خشتەیەکی لکێندراو بە نوسراوەکەوە، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین چونکە ستانداردەکانی داغڵبون زۆر بەرزکراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، مەبەستێکی سەرەکی لەم نوسراوە بۆ ڕێگریکردن بوە لە هاوردەکردنی بەنزینی نۆرمال، محسن و سوپەر، گازوایل، دیزڵ، نەوتی سپی؛ مەبەست لەم بابەتە ئەوە بوە کە بەشێک لە خامەکانی کۆمپانیای کار لە خەزانەکان مابوەوە لە ناوخۆ بەکار بهێندرێت؛ واتا بڕیارەکە لە بەرژەوەندی کۆمپانیای کارەوە دراوە. 

کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکردووە" لە مانگی چوار لە دەروازەی باشماخ، نزیکەی 2000 تانکەر بەنزین داغڵ بوە، بەڵام لە مانگی 5 نزیکەی 50 تانکەر داخڵ بوە کە بەشی بەنزینی چەند کاتژمێرێک ناکات، لە دەروازە سنورییەکانی دیکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە داغڵ بونی بەنزین نەدراوە، دوبارە، مەبەست ئەوە بوە کە بەنزینی کۆمپانیای کار لە خەزانەکان ساغ بکرێتەوە". 

ئەوەشی خستوەتەڕوو، نیەتێک هەیە کە لە ڕێگەی ماگنێتی تایبەتەوە چەند کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئیتر بەنزین هەرزان نابێت و هانی خەڵک دەدەن کە ئۆتۆمۆبێلەکانییان بکەنە غاز، ئەمەش بۆ سودمەندبونی ئەم کۆمپانیایانەیە، لێرەوە ڕای گشتی ئاگادار دەکەنەوە، کە نەچنە ژێرباری هیچ هەوڵێکی چاوچنۆکی لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەسێکەوە، بەڵکو یٔەرکی حکومەتی هەرێمە نرخی بەنزین جێگیر بکات کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت. 

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە" لە ئێستادا هاوردەکردنی بەنزین بە هەمو شێوەیەک لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە قۆرغکراوە و ڕێگە بە کۆمپانیای دیکە نادرێت بەنزین داغڵ بکات".
 
لەبارەی چارەسەری کێشەی گرانی بەنزین کاروان گەزنەیی رونیکردەوە، تەنها دو چارەسەر هەیە، یان گرێبەست لەگەڵ پاڵاوتگە ناوخۆییەکان بکرێت و نرخی بەنزین لە کەمتر لە 500 دینار جێگیر بکرێت، یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو هەمو باج و ڕسوماتە لاببات و ڕێگە بدات لە ڕێگەی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێوە داغڵ بکرێت، بە مەرجێک نرخی هیچ لیترێک لە جۆرەکانی بەنزین 600 دینا تێپەڕ نەکات، هەردو هەنگاوەکە کردەیین، و دەمێنێتەوە کە ئایا نیەتی حکومەتی هەرێم چییە. 


PM:03:17:17/06/2021