" ئێستا پلانێک هەیە بۆ پەلکێشکردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە "

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی ئەگەری شەڕی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو گەریلاكانی پەكەكە بڵاوكردەوە و دەڵێت" ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ پەلکێشکردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان". 

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند" ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ پەلکێشکردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن بێت لە خۆیان، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی، کە خواستی گەلی کورد و پێشمەرگەی لە سەر نییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە" با بە یاسا شەڕی برا کوژی شەرمەزار بکەین، چونکە نەیارانمان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوونە و مێژووش شاهیدی ئەوە دەدات، کە ببن بە هەوێنی ناسەقامگیری و دووبەرەکی لە نێوانمان".

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا باس لەوەش دەکات، كه‌ بۆچی په‌كه‌كه‌ تەنیا لە هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕکردووه‌تەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بنیاتنراوە و پاساو دەدەن بە تورکیا هێرشیان بکرێتە سەر ئێمە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی بێگانە نین کە سنوور و سەروەرییەکانی هەرێمەکەمان ببەزێنێ، لە هەمان کاتیشدا رێز لەو پارتە سیاسییانە دەگرین کە لە خاکی هەرێمەکاندا گیرساوەتنەوە و رێگامان داون کار و چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوە دانین کە ببن بەمایەی شەڕ و ناسەقامگیری و هۆکاری چۆڵکردن و ماڵوێرانکردن و شەهید کردنی دەیان خەڵکی سڤیل لە ناوچەکەدا.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا هاتووە" ئەوەی ئێستا روو دەدات دڵنیام پلانی نەیارانی دژ بە نەتەوەی کوردە، با دەست لەناو دەست بین بۆ چارەسەری ریشەیی هەمو ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە درێژایی مێژو لێمان کراوە بە پاساوی نالۆژیکی، با پلانی نەیارانمان بە یەکڕیزیی نێوانمان لەبارببەین لەپێناو گەیشتن بە کەناری ئارامی بۆ گەلێکی ماندو لە شەڕ و ماڵوێرانی".


PM:01:21:18/06/2021