وەزارەتی ڕۆشنبیری كۆنسێرتی هونەرمەندانی بیانی لە هەرێم قەدەغە دەكات

وەزارەتی رۆشنبیری لەبارەی كۆنسێرتەكەی گۆرانیبێژی ناسراوی لوبنانی ئەلیسا لە شاری هەولێر نیگەرانە، بەهۆی ئەوەی پرسی پێنەكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە نوسراوێکدا داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات ڕێگە نەدات كۆنسێرت بۆ هونەرمەندانی بیانی لەهەرێم ئەنجام بدرێت. 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (سپی) كەوتووە و واژۆی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری لەسەرە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکات کە ڕێگە نەدات هونەرمەندانی بیانی لە هەرێم كۆنسێرت ئەنجام بدەن.

لە بەشێکی تری نوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، تەنها ڕێگە بەو هونەرمەدانە بدرێت، كە بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرت ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای هونەرمەدان وەردەگرن.

بڕیارە ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە كچە هونەرمەندی لوبنانی (ئەلیسا) لە هەولێری پایتەخت لە هۆڵی "گالاكسی" لە عەنكاوە كۆنسێرت ئەنجام بدات، بلیتی كۆنسێرتەكەش بەپێی شوێنی دانیشتن، لەنێوان (٢٠٠ بۆ ٤٠٠) دۆلار دەفرۆشێت. 


PM:01:43:19/06/2021