حكومه‌تی هه‌رێم له‌سەر دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌بێ لێبڕین روونکردنەوە دەدات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" لەدوای ناردنی بودجە پێویستیان بەوەیە زیاتر بەرچاویان روون بێتەوە بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن لێبڕینی مووچە لابدەن یاخود نا".

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی پارتی راگەیاند" چاوەڕێین حكومەتی عێراق ٢٠٠ ملیار دینار رەوانە بكات و بۆ ئەو وردەكاریانەی هەیە بەرچاومان روونبێت، ئەوكات لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار پێویست لەوبارەوە دەدەین، ئێمە وەك حكومەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە بە تەواوی بدرێت، هەوڵی جدیمان داوە كە مووچە ١٠٠٪ دابەش بدرێت".

جەختیشیكردەوە، ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین ئەم مانگە چۆن مووچە دابەش دەكرێت، تا وردەكاریی و پێشهاتە داراییەكان تاوتوێ دەكرێن، دوای كۆبوونەوەی لەبارەوە دەكرێت بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد" دوای ناردنی بڕە پارەكە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەپێی داهاتی بەردەست پارە بۆ مووچە دابین دەكرێت، حكومەت كۆمەڵێك ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنها مووچە نییە، بەڵام ئومێد دەكەین بە لە ماوەیەكی نزیكدا گرفتی مووچە چارەسەر بكرێت".


PM:02:21:20/06/2021