حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچە و بوودجە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا . 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕوونکردنەوەی زیاتر و پێویستی لەبارەی ژمارە و داتاکانی تایبەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنانی ناو بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی چڕ دەربارەی ئەو تێببینی و سەرنجانەی کە لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرانەڕوو ، بڕیاردرا وەزارەتەکانی دارایی وئابووری و پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن لەگەڵ لیژنە  تايبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان ( دارایی و کاروباری ئابووری، سامانە سروشتییەکان و یاسایی )، ئەمە سەرەڕای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان. 

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەنجومەنی وەزیران بەرچاوڕونی زیاتر دەداتە پەرلەمانتاران بۆ هێنانەدی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا، بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسایەکی شەفاف و گشتگیر ئامادە بکرێت و دوای پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان.


PM:04:49:23/06/2021