بۆ بەرگرتن لە لەشکركێشی تورکیا پەرلەمانی عێراق داوای ناردنی هێزە بۆ سەر سنور دەکات


لەشکرکێشی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری عێراق پێیوایە توركیا ئامادەكاریی بۆ هێرشێكی گەورە دەكات لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، بۆ بەرگرتن لەو هێرشەش داوا لەکازمی دەکەن هێزی فیدراڵی ڕەوانەی سنوورەكانی هەرێم و تورکیا بكات.
 
  
لێدوانێکیدا بۆ مەدا پرێس، بەدر زیادی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت" سوپای توركیا ٧٠ بنكەی سەربازیی لە خاكی هەرێمدا دروستكردووە و لەهەندێك شوێندا بە قوڵایی ١٦ كم هاتووەتە ناو خاکی عێراقەوە".
  
ئەو پەرلەمانتارە داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب دەکات بۆ ئەوەی لە رێگای وڵاتە عەرەبییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەر لەو هێرشە فراوانە بگرن کە ئەو لیژنە پەرلەمانییە پێشبینی دەکات تورکیا بیکات.

بەدر زیادی ئاشکرای دەکات لیژنەی ئاسایش  و بەرگری لە پەرلەمان پێشنیاری كردووە بۆ حكومەتی مستەفا كازمی هێزی فیدراڵی ڕەوانەی سنوورەكانی توركیا بكات بۆ دەركردنی پەكەكە بەمەش پاساوی توركیا نامێنێت بۆ هێرشكردنە سەر خاكی عێراق کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان لەم روەوە هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەداوە.
  
ئەو پەرلەمانتارە دوای بایكۆتکردنی ئابووری کاڵای توركیا دەكات و ئەلتەرناتیڤی ئەوەش داوادەکرێت پشت بەستن بە كاڵای ئێرانی و سعودی ببەسترێت.  



PM:02:03:24/06/2021