گۆڕان دژی بڕیارێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانە

فراکسیۆنی گۆڕان دژی ئەو بڕیارە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەریکردووەو رێگا دەگرێت لە ئەندامانی پەرلەمان سەردانی پڕۆژەکانی وەبەرهەمهێنان و کۆمپانیاکان بکەن.

لە راگەیاندنێکدا کە دانەیەکی بۆ ماڵپەڕی " سپی " نێردراوە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنن"  ئەم نوسراوە ھیچ پاڵپشتیەکی  پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی نیە ، وە ھاوکات کارێکە پێچەوانەی پرە نسیپ و فەلسەفەکانی کاری پەرلەمانە لە سەرانسەری ووڵاتە دیموکراتخوازەکان. یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتیەکانی پەرلەمانتار چاودێریکردن و بەدواداچونە لە دەزگا حکومی و نا حکومیەکان لە وڵاتدا".

بۆ بەرێز سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان 
بابەت / یاداشتی ناڕەزایی
ئاماژە بە نوسراوتان  ژمارە (١٧٥٥)  کە  لە بەرواری ٢٢/٦/٢٠٢١  ئاراستەی  ئەنجومەنی وەزیرانتان  کردوە سەبارەت بە سەردانیکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان و کۆمپانیاکان لە لایەن ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان لەڕێگەی کەسیەوە.
ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنین  
ئەم نوسراوە ھیچ پاڵپشتیەکی  پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی نیە ، وە ھاوکات کارێکە پێچەوانەی پرە نسیپ و فەلسەفەکانی کاری پەرلەمانە لە سەرانسەری ووڵاتە دیموکراتخوازەکان. یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتیەکانی پەرلەمانتار چاودێریکردن و بەدواداچونە لە دەزگا حکومی و نا حکومیەکان لە ووڵاتدا.
ھەر ئەندامێک ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچونی بۆ کۆمپانیایەک یا پرۆژەیەکی وەبەرھێنان بەکارھێناوە بۆ بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆی و بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەیەوێ گومان لەسەر پەرلەمانتاران بەگشتی دروست بکات و شکۆی پەرلەمان بشکێنێ،  پێویستە  بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی پەرلەمانی  پێک بێت بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنە بەری ڕێکارە یاساییەکان بە زووترین کات،  لەپاشان ڕادەستکردنی ئەم دۆسیەیە بە دادگا. 
وە ھەر ھۆکارێک ھەیە بۆ دەرکردنی ئەو نوسراوە لەلایەن بەڕێز سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەبێت بە فەرمی ڕابگەیەنرێت بۆ رای گشتی، چونکە ئەم نوسراوە لێدانە لە پێگەی پیشەیی و یاسایی پەرلەمانتار.  
سەبارەت بەو رونکردنەوەش کە تیایدا ئاماژەتان داوە بە ماددەکانی ٤٠ و ٤١ ی پەیڕەو ھیچ پەیوەندیدار نیە بە نوسراوەکەتان و دورە لەو پێشێلکاریە کە کراوە.
فراکسیۆنی گۆڕان 
  ٢٤/٦/٢٠٢١



AM:11:05:25/06/2021