ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە کۆدەبێتەوە

بڕیارە  پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ژمارەی ١٦ی خولی بەهارە ئەنجامبدات و تیایدا چەند پرسێک دەخرێتەڕوو، کە یەکێک لە تەوەرەکان گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچە و بەردەوامی لێبڕین دەبێت، هاوکات چەند وەزیرێکیش ئامادەی دانیشتنەکە دەبن، لە نێویاندا هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکان بەشدار دەبن و روونکردنەوە دەدن.

لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممەی پەرلەماندا کە بڕیارە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ دەستپێبکات، گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسانە دەکرێت: 

یەكەم: درێژكردنەوەی ویلایەتی (سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان) بۆ ماوەی (4) ساڵ، كە لەڕۆژی تەواوبوونی ماوەی خولی یەكەمیەوە دەستپێدەكات.

دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژەو پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە پشتبەستن بەحوكمی بڕگەی (یەكەم و دووەم و پێنجەم)ی ماددەی (78)و ماددەی (79، 80، 82)و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

1- پرۆژەیاسای (نیشان و میدالیا لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

2- پڕۆژەیاسای (كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

3- پرۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆو شەتڵ و تۆماركردن و پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لەتەرزە كشتوكاڵییەكان لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

4- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی ناكامەكان ژمارە (78)ی ساڵی 1980ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

5- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (76)ی ساڵی 1983 و هەموارەكانی لەهەرێمی كوردستان).

6- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای بزربووەكان لەهەڵمەتەكانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی گەلی كوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999).

7- پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی (یاسای دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011).

8- پێشنیازەیاسای (گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

سێیەم: درێژكردنەوەی (خولی بەهارە)ی ساڵی سێیەم لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی (30) ڕۆژ، بەپێی حوكمی بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (7) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

چوارەم: خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەو هۆكارەكانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاكسازی و یاسای بودجەی عێراق و كەموكوڕیی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

پێنجەم : خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەم پرۆژەیاسایانەی خوارەوە بەپێی حوكمی ماددەكانی (87، 88، 89) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

1- پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 2011 لەهەرێمی كوردستان -عێراق).

2- پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان -عێراق).

3- پڕۆژەیاسای بەركاركردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە (20)ی ساڵی 1998ی هەمواركراو).

شەشەم: خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:

1- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عبدالستار مجید قادر) سەبارەت بە (دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان).

2- بیرۆكەی پەرلەمانتار ( عوسمان علی سمایل) سەبارەت بە (لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان هەوڵێك بۆ ڕێسایكلینی خاشاك).

3- بیرۆكەی پەرلەمانتار (زێدان رەشید خان اودل) سەبارەت بە (پرسی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی).

4- بیرۆكەی پەرلەمانتار (شایان كاكە صالح) سەبارەت بە (ڤایرۆسی نەخۆشیی كۆڤید-19).


AM:08:40:28/06/2021